گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە چ جۆرە موچەخۆرێک هەیە؟

لەیلا عەبدولجەبار: دەستکەوتێکی گەورەیە ئەگەر لەم کابینەیەدا 50%ی گەندەڵی نەهێڵرێت

2021.04.29 - 21:41
App store icon Play store icon Play store icon
لەیلا عەبدولجەبار: دەستکەوتێکی گەورەیە ئەگەر لەم کابینەیەدا 50%ی گەندەڵی نەهێڵرێت

ناس کورد- 

لەدوای ناردنی ڕاپۆرتی دووەمی هەنگاوەکانی چاکسازیی لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان، ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی دەڵێت، خەڵک هەیە لە قوتابییە یەکەمانە، بەڵام موچەی بیرکۆڵی بۆ بڕدراوەتەوە، یاخود زیندووە و موچەی شەهیدانەی هەیە، دەشڵێت، ئەگەر لەم کابینەیەدا 50% گەندەڵی نە‌هێڵرێت، دەستکەوتێکی گەورەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلدمانی کوردستان (پێنجشەممە 29ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "راپۆرتی دووەمی ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دراوەتە پەرلەمانتاران و ڕاپۆرتەکەمان خوێندووەتەوە کە تیایدا چەندین کاری نایاسایی ئاشکراکراوە و بەگوێرەی یاساکە هەوڵدەدرێت ڕێکبکرێنەوە." 

 

وتیشی، "ئەوەی جێی سەرنجە بە نمونە دەرکەوتووە خەڵک هەیە موچەی شەهیدانەی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام زیندووە و لە ژیاندا ماوە، یاخود خەلک هەیە لە قوتابخانە و زانکۆ لە قوتابییە یەکەمەکان بووە، بەڵام موچەی بیرکۆڵی بۆ بڕدراوەتەوە." 

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکرد، "چەندین دۆسیەی هاوشێوە بوونیان هەیە و خۆی یاساکە بۆ نەهێشتنی ئەوانەیە و بۆ دەرکردنی ناوی ئەو کەسانەیە لە لیستی موچە کە ناشایستەن، هەروەک لە ڕآبردوودا بینیمان موچەی هەزاران کەس ڕاگیران بۆ ئەوەی ڕێکبخرێنەوە و وردبینی تێدا بکرێت و ئەو کارانە تا ئێستاش بەردەوامن." 

 

لەیلا عەبدولجەبار کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتییە، باسی لەوەشکرد، "ئەگەر لەم کابینەیەدا بتوانرێت 50%ی گەندەڵی نەهێڵرێت، ئەوە کارێکی زۆر زۆر باشە و دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە کارەکە هێندە ئاسان نییە کە بە ماوەیەکی کەم تەواو بکرێت." 

 

ڕوونیشیکردەوە، "نایشارینەوە کە چەندین ئاستەنگی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکە هەیە و دەستێوەردانی حزبی و کەسیش هەیە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی، چونکە جێبەجێکردنی یاساکە دەبێتە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی هەندێک کەس و لایەن، هەربۆیە جێبەجێکردنی یاساکە گفتوگۆی سیاسیشی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی هەندێک پرس." 

 

"هەندێک کەس وادەزانن کارەکە زۆر ئاسانە، ئەمە تەنها بە قسە ناکرێت، دارێکی سحری نییە، بە ماوەیەکی کەم هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵکو پێویستی بە پشوودرێژی و بەردەوامبوونە لەسەر هەنگاوەکان."، لەیلا عەبدولجەبار وای وت. 

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی لەبارەی هەنگاوەکانی چاکسازیکردنیش لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا باسی لەوەکرد، "کارەکانی چاکسازی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەش بەردەوامە و بەشێوەیەکی بەرچاو چووەتەپێشەوە، بەڵام دیسان دەیڵێمەوە جێبەجێکردنی تەواوی یاساکە کاتی زیاتری دەوێت و پێویستی بە پشتگیریکردنە لەلایەن حزب و لایەنەکانیشەوە کە بە خۆشحاڵییەوە تائێستا حزبەکان ڕۆڵ و هەڵوێستی باشیان هەبووە لەوبارەیەوە."