گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنە و زانیاری

چیرۆکی شادی و هاڤین کە بەهۆی ئارایشتگاکەى دایکیانەوە لە خەودا خنکان

2021.04.26 - 17:38
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکی شادی و هاڤین کە بەهۆی ئارایشتگاکەى دایکیانەوە لە خەودا خنکان

ناس کورد-

شادى و هاڤین پێکەوە لە ماڵەوە نوستبوون و دایکیشیان لە ساڵۆنەکەى سەرقاڵى چاککردنى قژى ژنێک بوو، کاتێک بەدوکەڵى ئاگرێکى بڵێسەدار پێکەوە خنکان و بۆ دواجار ماڵئاواییان کرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دایکى ئەو دوو منداڵە کە دانیشتووى گەڕەکى کۆمارن لە قەزای دوزخورماتوو، لە بەردەم ماڵەکەیان دوکانێکى ساڵۆنى ژنانى هەیە و کاتێک ژنێک داواى لێدەکات قژى ئوتو بکات، دەچێتە دوکانەکەى بۆ کارکردن، وەک هەر ڕۆژێکى دیکەى ئاسایی، بێ ئاگا لەوەى بەزیندویی چاوى بە دوو جگەرگۆشەکەى ناکەوێتەوە.

 

کەسێکى نزیکى ئەو خێزانە بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، بەهۆى نەبوونى کارەباى نیشتیمانییەوە، دایکى منداڵەکان کارى بە مۆلیدە کردووە بۆ رایکردنى کارەکەى، لەپڕ کوڕێکى ئاگاداری کردووەتەوە کە دوکەڵ لە ماڵەکەیان بەرزدەبێتەوە.

 

بە بیستنى هەواڵەکە، دایکى ئەو دوو منداڵە بەخێرایی بەرەو ماڵەکەى دەڕوات و داواى هاوکارى خەڵکى دەکات بۆ رزگارکردنى دوو جگەرگۆشەکەى، بەڵام بەهۆى زۆرى ئاگر و دوکەڵ و نەکردنەوەى دەرگاى مەدخەلى ماڵەکەیان ناتوانن رزگاریان بکەن.

 

کەسە نزیکەکەى ئەو خێزانە کە داوایکرد ناوى نەهێنرێت باسى لەوەشکرد، منداڵەکان هەر بە دوکەڵى ئاگرەکە خنکابوون، هیچ ئاسەوارێکى سوتان بەجەستەیانەوە نەبووە.

 

وتیشى، لەکاتى ڕووداوەکەدا باوکى منداڵەکان لەماڵەوە نەبووە، دواى ئەوەى هەواڵەکەى پێ ڕاگەیەنراوە توشى شۆک بووە و براوەتە نەخۆشخانە.

me_ga.php?id=3453

ئەو دوو منداڵەى لەو ڕووداوەدا گیان لەدەستدا کوڕ و کچێکى منداڵن بەناوى شادى ئەحمەد سێ ساڵ، هاڤین پێنج ساڵان.

 

پۆلیسى خانەقین لێکۆڵینەوەى لە ڕووداوەکە کردووە و هۆکارەکەى بۆ شۆرتى مۆلیدەى کارەبایی دەگەرێنێتەوە کە لەسەربانى ماڵەکە دانرابوو.

 

عەمید حسێن علی ڕەشید، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاکە (26ی نیسانی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ " ناس کورد" ڕایگەیاند، ڕووداوەکە کاتژمێر 10:30ی ئەم بەیانییە ڕوویداوە، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە لەگەڕەکی کۆمار و لەئەنجامدا کوڕو کچێکی ئەو ماڵە کەمنداڵ بوون بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە خنکاون و گیانیلەدەستداوە.

 

وتیشى، "هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی شۆرت و گرگرتنی مۆلیدەیەکی بچوکی ماڵەوە بووە کە لەسەربانی ماڵەکەدا دانرابوو".

 

عەمید حسێن ڕوونیکردەوە، "دایکی منداڵەکان ئارایشتگایەکی لەماڵەوە داناوە بەمەبەستی ڕاییکردنی کارەکەی مۆلێدەکەی هەڵکردەوە، بەڵام دواتر شۆرت لە یەکێک لە گلۆپەکانی ڕوویداوە و بەهۆیەوە تەقیوەتەوە کە ئەوەش بووە بەهۆی گرگرتنی سەقفی ژورەکە لە ماددەی چیبسۆن بۆرد دروستکراوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی ڕووداوەکەدا  دووژنی تر لە ماڵەکەدا بوون کە هاتبوون بۆ ئارایشتگاکە، کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتە دایکی منداڵەکان و ئەو دوو ژنە درەنگ پییان زانیوە، باوکی منداڵەکانیش لە ماڵەوە نەبووە، بۆیە بە هۆی دوکەڵەوە ئەو دوومنداڵە کە لە ژوورێکی تردا نوستبوون بەدەم خەوەوە خنکاون" .

me_ga.php?id=3452