ناس کورد-
بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وشکەساڵی بەڕێوەچوو و بڕیاردرا بودجەیەکی تایبەت بۆ وشکەساڵی تەرخان بکرێت و لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێش لەوبارەیەوە گفتوگۆ بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی نیسانی 2021، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سەرپەرشتیارانی ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان، کۆبوونەوەیەكی تایبەت بەشێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ ھەماھەنگیكردن بەمەبەستی كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی و دانانی پلانی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس کاریگەرییەکانی كەمبارانی و وشكەساڵی لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کرا و پلانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە خرایەڕوو.
ئەوەش هاتووە، " بەمەبەستی کەمکردنەوەى زیانە ئابوورییەکانی وشکەساڵی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بودجەیەکی تایبەت تەرخانکرا و بڕیاردرا کە ئەولەویەت بدرێت بەزامنکردنی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان هەروەها گرنگیی بدرێت بە پرۆژەکانی کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "دواى تاوتوێکردنی شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەى وشکەساڵی لەسەر هەرێمی کوردستان، پێویستی دانانی پلانی گونجاو و تەرخانکردنی بودجەی پێویست دووپاتکرایەوە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچووک لەپێناو گلدانەوەى ئاوی باراناو و دواتر سوودلێوەرگرتنەوەى لەبوارى کشتوکاڵیدا."
باس لەوەشکراوە، " لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەم پرسە باس بکرێت بۆ ئەوەی هاوکاربن لە چارەسەرکردنی هەر گرفتێکدا کە رووبەڕووى هەرێمی کوردستان ببێتەوە بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە."
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەکراتەوە کە "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکانییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شێوازەکانی بەردانەوەى ئاوی بەنداوەکان بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و ئەو بارگرانییە کەمبکاتەوە کەبەهۆى وشکەساڵییەوە رووبەڕووى ناوچەکە دەبێتەوە."