گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێشەکە هی 40 پێش ئێستایە

هەرێم؛ 33 کەس لەسەر کوژرانی ژنێک دەستگیرکران

2021.04.26 - 14:45
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم؛ 33 کەس لەسەر کوژرانی ژنێک دەستگیرکران

ناس کورد-

دوای ئەوەی شەوی شەممەی ڕابردوو لە کۆمەڵگەی چرە-ی سەربە قەزای شێخان لەشەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا ژنێک کوژرا، لەئێستادا 33 کەس لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکراون، قائیمقامی قەزاکەش دەڵێت، کێشەکە بۆ زیاتر لە 40 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە 24ی نیسانی 2021، لە کۆمەڵگەی چرە-ی سەربە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕ و ئاژاوە لەسەر زەوی و زار لەنێوان دوو لایەندا، ژنێکی تەمەن 30 ساڵ کوژرا کە دایکی سێ منداڵ بوو و بە سەردان چوبووەوە ماڵی باوکی.

 

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک (دووشەممە 26ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر 33 کەس لە هەردوو لایەنی شەڕکەر لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون و لە زیندانن."

 

وتیشی، "تائێستا دیارنییە کە ئافرەتەکە بە گولـلەی چ کەسێک کوژراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە."

 

باسی لەوەشکرد، "کێشەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و تائێستاش هێزەکانمان بە بەردەوامی لەو ناوچەیە هەن بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوە ڕوونەداتەوە."

 

لەبارەی وردەکاریی کێشەکەوە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان ڕایگەیاندووە، "ئەو کێشەیە لەنێوان خاوەن موڵکێک و بەشێک لە جوتیاراندایە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1978، هەر چەند ساڵ جارێک کێشەکە سەر هەڵدەداتەوە، بەڵام ئەمجارە کێشەکە بەمشێوەیە گەورە بووە."

 

زیاتر بخوێنەرەوە؛ باوکی ئەو ژنەی لە دهۆک کوژرا باس هۆکار و شێوازی ڕووداوەکە دەکات

 

لەبارەی ڕووداوەکە (یەکشەممە 26ی نیسانی 2021) باوکی کچەکە ڕایگەیاند، "من و ژمارەیەکی تر خاوەنی نزیکەى چوار هەزار و 500 دۆنم زەوین، بەڵام کێشە لەسەر 600 دۆنم دروست بووە و جوتیارەکان دەڵێن ئێوە زەوییەکانتان داگیرکردووە." 

 

وتیشی، "لە دادگا و لە ڕووی یاساییەوە کێشەکە چارەسەرکراوە و ڕێککەوتنمان کردووە و نوێنەری ئەو جوتیارانەش کە تەقەیان لێکردین واژۆیان کردووە، هەروەها لە وەزارەتی ناوخۆش ڕێککەوتن کراوە." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "شەوی ڕابردوو کاتژمێر 11:00 بەشێک لەو کەسانە وەک داگیرکەر هاتنەسەر ماڵمان و تەقەیان لە ماڵمان کرد." 

 

ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی تەقەکردنەکەدا تەنها کچ و بوکەکەى لە ماڵ بوون، لە ئەنجامدا گولـلەیەک بەر سەری کچەکەى کەوتووە کە چێشتخانەی ماڵەکەدا بووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. 

 

کچەکەى بۆ بەربانگ چووەتەوە ماڵی باوکی و ویستوویەتی دوای پارشێو بگەڕێتەوە. 

 

دەربارەی کوژرانی کچەکەی، باوکی کچەکە باسی لەوەشکرد، "کچەکەم هاوسەری هەیە و خاوەنی سێ منداڵ بوو، بە سەردان هاتبووەوە ماڵمان، تازە کچەکەم ڕۆشت داواکارم لە جەنابی سەرۆک کێشەکەم بۆ چارەسەر بکات."