ناس کورد-
وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، تا رێژەى کوتان بە ڤاکسینى کۆرۆنا نەگاتە ٢٠%ى دانیشتووان ناتوانن ئاستى کاریگەرى ڤاکسینەکە لەسەر کەمکردنەوەى ئامارەکانى کۆرۆنا دیارى بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاسۆ حەوێزى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ یەکشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، هێشتا ژمارەى ئەوانەى ڤاکسینیان وەرگرتووە لەهەرێمى کوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەى کە کاریگەریی ڤاکسینەکە بەتەواوى لەسەر ئامارەکان دەربکەوێت.
وتیشى بەپێی پلانى وەزارەتى تەندروستى تا کۆتایی ئەمساڵ ٢٠%ى دانیشتووانى هەرێم پێویستە بە ڤاکسین بکوترێن، ئەوکات کاریگەرى تەواوى ڤاکسین دەردەکەوێت و دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن.
ئاسۆ حەوێزى جەختیکردەوە، دۆخى ئێستاى کۆرۆنا لەهەرێم مەترسیدارە و رۆژانە ژمارەیەکى زۆرى توشبووى نوێ تۆماردەکرێن.
لەهەرێمى کوردستان ماوەى نزیکەى دوو مانگە کوتان بە دوو جۆر ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دەستیپێکردووە، کە پێکهاتوون لە ڤاکسینەکانى سینۆفارمى چینى و ئەسترازینیکاى بەریتانى، بەڵام بەرپرسانى تەندروستى هۆشداری دەدەن لە کەمى ئەوانەى خۆیان دەکوتن بەراورد بەو ژەمە ڤاکسینەى دابینکراوە.