ناس کورد-
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا دەكات هەموولایەك هاوكار و هەماهەنگ بن لەبارەی كارەساتی ئاگركەوتنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و پێكەوە سیاسەتی موزایەدەكردن بە كارەساتە نیشتمانییەكان ڕەتبكەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
كازمی لەتویتێكدا (25 نیسانی 2021) بەزمانەكانی عەرەبی و كوردی دەڵێت، "لەساتی كارەساتەكەی نەخۆشانەی ئیبن خەتیبەوە تا ئێستا، وەك ئەركی حكومەت زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان دەستپێكردووە بۆ دەستنیشانكردنی لایەنە كەمتەرخەمەكان هەر ناونیشانێكیان هەبێت و لێپێچینەوە لەگەڵیان و چاودێریكردنی خێزان و كەسوكاری قوربانییەكان بۆ رێگەگرتن لەدووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە ئازاربەخشانە ".
هەروەها دەڵێت "داوا دەكەین هەموولایەك هاوكار و هەماهەنگ بن و پێكەوە سیاسەتی موزایەدەكردن بە كارەساتە نیشتمانییەكان ڕەتبكەنەوە".
لەپاش ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی بەغدا كە زیاتر لە 80 كەسی كردە قوربانی و زیاتر لە 100 كەسیشی تێدا برینداربوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران وەزیری تەندروستی و بەرێوەبەری تەندروستی بەغدا و پارێزگاری پایتەختی بەشێوەیەكی كاتی لەسەر كارلابرد تا كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان و دوایكرد ماتەمی نیشتمانی ڕابگەیەنرێت.
ڕووداوی سووتانی نەخۆشخانەكە بووەتە بابەتێك بۆ كێشمەكێشی سیاسی و بەشێك لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و لەمبارەیەشەوە موقتەدا سەدر كە وەزارەتی تەندروستی لەپشكی ڕەوتەكەیەتی لە تویتێكدا (25 نیسان) ئاماژە بەوەدەكات ترسی هەیە "تێكدەران كاری لەمجۆرە زیاتر بكەن لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان".
میدیا و پەیجەكانی سەر بەحەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان پەیتا پەیتا داوای لەسەر کارلابردنى وەزیرى تەندروستى دەکەن.