گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک بەرپرسی لەسەرکار ڕاگرت

2021.04.25 - 14:50
App store icon Play store icon Play store icon
کازمی وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک بەرپرسی لەسەرکار ڕاگرت

ناس کورد-

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی و پارێزگاری بەغدا و بەڕێوەبەری تەندروستیی بەری ڕەسافەی لەسەر کار ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی ئاگرەکەى شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی "ئیبن خەتیب" کە بەهۆیەوە 82 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی تر بریندار بوون. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیری عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانە "ئیبن خەتیب" لە بەغدا، بەپێی فەرمانەکە، لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی وەزیری پلاندانان، وەزیری داد، سەرۆکى دەستەى دەستپاکی و سەرۆکى دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ دروستکرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکاری ئاگرەکە و "دیاریکردن کەمتەرخەم و لێپێچینەوەیان."

 

هەر بەپێی فەرمانەکە، پێویستە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکات و دەتوانن سود لە شارەزای وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی وەربگرن.

 

درەنگانی شەوی ڕابردوو لە شاری بەغدا ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کەوتەوە و چەند بووتڵێکی ئۆکسیجینی نەخۆشخانەکەش بەهۆی ئاگرەکەوە تەقینەوە کە ژمارەیەکی زۆر توشبووانی کۆرۆنای تێدابوو کە پێویستیان بە ئۆکسجین هەبووە.

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد، لە ڕووداوەکەدا 82 کەس گیانیان لەدەستداوە و 110 کەسی تری بریندار بوون.

 

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کرد و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەى نەخۆشخانەی "ئیبن خەتیب" دەربڕی.  

  

بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە (25ی نیسانی 2021) مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا کازمی "پرسە و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوی دڵتەزێنی نەخۆشخانەی ( ابن الخطيب)ی بەغدا دەربڕی و ئامادەیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاریی و یارمەتییەک ڕاگەیاند و هیوای خواست، کارەساتی وا دووبارە نەبێتەوە."