ناس کورد-
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لەسەر زەوی و زار ژنێکی تەمەن 30 ساڵ کوژرا، باوکی ژنەکە دەڵێت، "کچەکەم تازە ڕۆشت، داواکارم لە سەرۆک بارزانی کێشەکەمان بۆ چارەسەربکات."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە کۆمەڵگەی چڕەی سەربە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک لەشەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لەسەر کێشەی زەوی و زار ژنێکی تەمەن 30 ساڵ کوژرا کە دایکی سێ منداڵ بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە (25ی نیسانی 2021) لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ کەناڵی ڕووداو، باوکی کچەکە ڕایگەیاند، "من و ژمارەیەکی تر خاوەنی نزیکەى چوار هەزار و 500 دۆنم زەوین، بەڵام کێشە لەسەر 600 دۆنم دروست بووە و جوتیارەکان دەڵێن ئێوە زەوییەکانتان داگیرکردووە."
وتیشی، "لە دادگا و لە ڕووی یاساییەوە کێشەکە چارەسەرکراوە و ڕێککەوتنمان کردووە و نوێنەری ئەو جوتیارانەش کە تەقەیان لێکردین واژۆیان کردووە، هەروەها لە وەزارەتی ناوخۆش ڕێککەوتن کراوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "شەوی ڕابردوو کاتژمێر 11:00 بەشێک لەو کەسانە وەک داگیرکەر هاتنەسەر ماڵمان و تەقەیان لە ماڵمان کرد."
ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی تەقەکردنەکەدا تەنها کچ و بوکەکەى لە ماڵ بوون، لە ئەنجامدا گولـلەیەک بەر سەری کچەکەى کەوتووە کە چێشتخانەی ماڵەکەدا بووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
کچەکەى بۆ بەربانگ چووەتەوە ماڵی باوکی و ویستوویەتی دوای پارشێو بگەڕێتەوە.
دەربارەی کوژرانی کچەکەی، باوکی کچەکە باسی لەوەشکرد، "کچەکەم هاوسەری هەیە و خاوەنی سێ منداڵ بوو، بە سەردان هاتبووەوە ماڵمان، تازە کچەکەم ڕۆشت داواکارم لە جەنابی سەرۆک کێشەکەم بۆ چارەسەر بکات."