ناس کورد-
لەدوای کەوتنەوەی ئاگرەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا، سەرۆک وەزیرانیی عێراق فەرمانیکرد، سەرجەم بەرپرسانی نەخۆشخانەکە دەستبەسەربکرێن و قوربانییەکانی ڕووداوەکەش بە پلەی شەهید هەژماربکرێن، ڕاشیگەیاند، دەبێت هۆکاری ڕووداوەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئاشکرابکرێت و ئەوانەشی کەمتەرخەم بوون لێپێچینەوەی تووندیان لەگەڵدا بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
درەنگانی شەوەی ڕابردوو لە شاری بەغدا ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کەوتەوە و چەند بووتڵێکی ئۆکسیجینی نەخۆشخانەکەش بەهۆی ئاگرەکەوە تەقیونەتەوە کە بەهۆیەوە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ( 25ی نیسانی 2021) بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا لەبارەی ڕووداوەکەوە، ڕایگەیاند، " ئاگرکەوتنەوە لەنەخۆشخانەکە کارەساتێکی دڵتەزێنە، بۆیە پێویستی بەوە کرد بەم بەیانی زووە کۆبینەوە، فەرمانمان کردووە قوربانییەکانی ڕووداوەکە بە پلەی شەهید هەژماربکرێن و بریندارەکانیش لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق چارەسەریان بۆ بکرێت".
وتیشی، " رووداوەکە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەوە و نابێت بە ئاسانی تێپەرێت، بۆیە فەرمانمان کردووە بەرپرسانی نەخۆشخانە هەموویان دەستبەسەر بکرێن و دەستبەجێ دەست بکرێت بە لێکوڵێنەوەیەکی گشتگیر و فراوان".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، " دەبێت تیمێکی هونەری لە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت بۆ وردبینی لە ڕێکارەکانی سەلامەتی لە هەموو نەخۆشخانەکان، میوانخانەکان و شوێنە گشتییەکان لەماوەی یەک هەفتە و لەسەرەتاسەری عێراقدا".
کازمی داواشی کرد ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکان لەماوەی 24 کاتژمێردا ئاشکرا بکرێت وئەوانەشی کەمتەرخەمبوون بەتووندی سزابدرێن .
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی عێراقیش، لەراگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئاگرەکە هێندە گەورە بوو زیاتر لە 20 تیمی ئاگرکوژێنەوە بەشداربوون لە کوژاندنەوەی، ئێستاش هەوڵەکانی بەرگری شارستانی بەردەوامن بۆ تەواو کوژاندنەوەی ئاگرەکە و دەرکردنی نەخۆشە خەوێندراوەکان لە نەخۆشخانەکە."
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بەهۆی رووداوەکەوە تائێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەس دیکەش تووشی کێشەی هەناسەدان بوون و دۆخی ژمارەکەیان ناجێگیرە.