ناس کورد-
لەدوای بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆی لاپەڕەکانی قورئان لەسەر شەقامێکی هەولێر، خێزانی خاوەنی قورئانەکە ڕوونکردنەوە دەدەن و دەڵێن، بە هیچ شێوەیەک بە ئەنقەست نەبووە، بەڵکو لەکاتی ڕۆشتنیان بۆ گوندەکەیان، قورئانەکەیان لەسەر ئۆتۆمبێل لەبیرچووە و کەوتووەتە خوارەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە (24ى نیسانى 2021) لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە لەشارى هەولێر و بەئامادەبوونى پارێزگارى شارەکە بەڕێوەچوو، کوڕى ئەو خێزانەى کە لەهەولێر قورئانەکەیان لێ کەوتووەتە خوارەوە و دواتر لەلایەن ئافرەتێکەوە هەڵگیراوە ڕایگەیاند، "ئێمە لەناو شارى هەولێرەوە دەمانویست بەرەو گوندەکەمان بچین، لەگەڵ شت کۆکردنەوەدا خوشکەکەشم وتى ئەو قورئانەشم لێوەربگرن، منیش لاى جامى سەکن لاى فڵچەکە دامنا."
وتیشى، "دایکیشم قورئانێکى ترى پێ بوو ئەوەشم لەناو ئۆتۆمبیلەکەم دانا و واتێگەیشتم هەر ئەوە قورئانەیە."
ئەندامى ئەو خێزانە باسى لەوەش کرد، تا پارشێو لە بەحرەکە بوون و دواتر دایکى و ئەندامى ترى خێزانەکەى گەیاندووەتە گوندەکەیان، "دواتر خوشکەکەم وتى کوا قورئانەکە و زۆر گەڕاین نەماندۆزییەوە."
دەشڵێت، دواى ئەوەى گرتەى ڤیدیۆى پەڕەى قورئانەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو کرایەوە ناسیویانەتەوە بەهۆى ئەوەى دوعاى تێدابووە دواتر هێزەکانى پۆلیس ئاگادار کردووەتەوە و ڕاستى ڕوداوەکەش بەو شێوەیە.
کوڕى ئەو خێزانەى کە قورئانەکەى لێ ونبووە سوپاى ئەو ئافرەتەى کرد کە دواتر بەڕێکەوت قورئانەکەى دۆزیووەتەوە و هۆکارێک بووە دەرخستنى ڕاستى ڕوداوەکە.
پێشتریش عەباس محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر باس لە ڕاستی ڕووداوی لاپەڕەکانی قورئان لەسەر شەقامێکی هەولێر دەکات و دەڵێت، قورئانەکە لە سەیارەیەک بەربووەتەوە.
عەباس محەمەد لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "دوێنێ لەدوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە مزگەوت پیاوێک لەگەڵ خێزانەکەیان لە شار دەڕۆنەوە بۆ گوند، لەکاتی بارکردنی هەندێ کەلوپەل، سەرەتا قورئانێک لەناو عەلاگەیەکدا لەسەر سەیارەکە دایدەنێن، بەڵام دواتر بیریان دەچێت بیخەنە سەیارەکەوە، تا دەگەنە گوند بەدوای قورئانەکە دەگەڕێن، لەوێ بۆیان دەردەکەوێ کە لەسەر سەیارەکە جێیان هێشتووە پاشان لێیان کەوتووە لە ڕێگا."
دەشڵێت، "ئەو پیاوە هاتووەتە لای مامۆستای مزگەوت و ڕوونکردنەوەی بۆ دا زۆر نیگەرانە، مامۆستاش شاهێدی بۆ دا کە ئەهلی نوێژە و هاوڕێیەتی."
عەباس محەمەد جەختی کردەوە کە "پێش دەستپێکردنی نوێژی بەیانی مامۆستای مزگەوت بۆ دڵنیای هەموان ئەوەی باس کرد وتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەو پیاوە ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی بدات."