ناس كورد-
عەباس محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر باس لە ڕاستی ڕووداوی لاپەڕەکانی قورئان لەسەر شەقامێکی هەولێر دەکات و دەڵێت، قورئانەکە لە سەیارەیەک بەربووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەباس محەمەد لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "دوێنێ لەدوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە مزگەوت پیاوێک لەگەڵ خێزانەکەیان لە شار دەڕۆنەوە بۆ گوند، لەکاتی بارکردنی هەندێ کەلوپەل، سەرەتا قورئانێک لەناو عەلاگەیەکدا لەسەر سەیارەکە دایدەنێن، بەڵام دواتر بیریان دەچێت بیخەنە سەیارەکەوە، تا دەگەنە گوند بەدوای قورئانەکە دەگەڕێن، لەوێ بۆیان دەردەکەوێ کە لەسەر سەیارەکە جێیان هێشتووە پاشان لێیان کەوتووە لە ڕێگا."
دەشڵێت، "ئەو پیاوە هاتووەتە لای مامۆستای مزگەوت و ڕوونکردنەوەی بۆ دا زۆر نیگەرانە، مامۆستاش شاهێدی بۆ دا کە ئەهلی نوێژە و هاوڕێیەتی."
عەباس محەمەد جەختی کردەوە کە "پێش دەستپێکردنی نوێژی بەیانی مامۆستای مزگەوت بۆ دڵنیای هەموان ئەوەی باس کرد وتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەو پیاوە ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی بدات."
دوێنێ هەینی، 24ی نیسانی 2021، ڤیدیۆی کۆکردنەوەى چەندین لاپەڕەی قورئان لەسەر شەقەمێکی گشتیی هەولێر کاردانەوەى زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە "کەسانى نەناسراو لەبەردەم مزگەوتێکى شارەکە قورئانیان پەڕ پەڕ کردووە و فڕێیانداوە و لەلایەن خانمێکەوە کۆکراوەتەوە."
هەر دوای بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆکە، پارێزگاری هەولێر هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئەو کارە دوورە لە ئاکار و رەوشتی خەڵکی شاری هەولێر، ڕاشیگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوان و رەفتارە ناشایستەیه ددۆزرێنەوە و بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن.
هاوکات وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ڕایگەیاند، لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر ھێڵن بۆ دۆزینەوەی بکەری ئەو کردەوەیە "دوور لەبەھا ئایینە."
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی (هەینی 23ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی دەرکەوت بێ ڕێزی بە قورئانی پیرۆز کراوە و لاپەرەکانی بڵاو کراونەتەوە، ئێمە لەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەتوندی ئیدانەی ھەرکار و کردەوەیەکی لەم شێوەیە دەکەین کەئەوپەری کارێکی ترسنۆکانەو تێکدەرانەیە."