ناس کورد-
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت و تیایدا چەندین پرسی جیاوازیان تاووتوێ کرد، هاوکات مەسرور بارزانی داوای هاوکاری لە ئەمریکا کرد بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندییەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (23ی نیسان/ ئهپرێلی 2021) ئەنجامدراوە، گفتوگۆ لهبارەی چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا کرا، سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە، هەردوولا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی رۆکێت و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان لەدژی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لهگهڵ پێویستییبوون بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.
ئەوەش هاتووە، "پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو، سەرۆکی حکومەتی ههرێم ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازی حکومەت کرد بە ئاراستەی زیادکردنی داهات لە رێگەی ئەنجامدانی رێکخستنەوە لە دارایی گشتیدا، داواشی لە وەزیری دەورەی ئەمەریکا کرد، پشتگیریی حکومەتی هەرێم بکات لە بواری تەکنیکی و هانی سەرمایەگوزاریی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان بدات، بەتایبەتی لە هەردوو بواری بانکی و وەبەرهێناندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە،لە درێژەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازییان لە دەرکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کرد، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بەغدا بە زووترین کات، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمیشی بە یاساکە دووپاتکردەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش کرد، کە رۆڵی کاریگەری خۆی لە یارمەتیدانی هەولێر و بەغدا بگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە، هەروەها بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، کە بە عێراق دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقيان تاووتوێ كرد، هەردوولا نيگەرانیی خۆیان بەرامبەر گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووەکان دەربڕی، کە کێشە و ئاستەنگ بۆ هاوبەشیی ئەمەریکا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دروست دەکەن، کە ئامانجی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ئەوەش هاتووە، لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەی شنگال کردەوە.