ناس کورد-
وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پنتاگۆن) لەبارەى هێرشە موشەکییەکەى شەوى رابردووى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا لێدوانێکى بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (23ى نیسانى 2021) لە لێدوانێکدا لەبارەى هێرشە موشەکییەکە رایگەیاند، ئاگادارى ئەو راپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەین لەبارەى هێرشە موشەکییەکەى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا و چاودێرى دۆخەکە دەکەین.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى راگەیەندراوێکى لەبارەى ئەو هێرشە موشەکییە بڵاوکردەوە کە درەنگانى شەوى رابردوو کرایە سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى (23ى نیسانى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، شەوى رابردوو لەکاتێکدا کە هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵى ئۆپراسیۆنێک بوون دژى گروپە تیرۆریستییەکانى داعش و لەئەرکى راوەدوونانیاندا بوون، گروپێکى لادەر لە یاسا بۆ سەرقاڵکردنى هێزەکانمان لەبەرەیەکى تر چەند موشەکێکیان ئاراستەى ئەو ناوچانە کرد کە هێزە عێراقییەکانى تێدایە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى شانەکە، لەکۆى هەشت موشەک، سێ موشەک لە دەوروبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا کەوتووەتە خوارەوە و موشەکێکیان لە نزیک زیندانى مەرکەزى کەرخ و یەکێکى تریان لە نزیک ئەکادیمیاى دژە تیرۆر لە گۆڕەپانێکى بەتاڵ و سێهەم موشەکیش لە نزیک بارەگاى یەکێک لە فەوجەکانى هاتنەناوەوەى خێرا کەوتنە خوارەوە.
راگەیەندراوەکە رونیدەکاتەوە کە موشەکەکان هیچ زیانێکى گیانییان لێنەکەوتۆتەوە و بەشێکى ترى ئەو موشەکانەى کە نەتەقێنرانەوە و لەسەربانى یەکێک لە ماڵە بەتاڵەکانى ناوچەکە دەستى بەسەرداگیرا لەلایەن تیمە تایبەتمەندەکانەوە پوچەڵ کراونەتەوە.