ناس کورد-
ئيسرائيليەكان گەڕانەوە بۆ ژيانى ئاسايى و پێش بڵاوبوونەوەی پەتاى كۆرۆنا، ئەوەش دواى ئەوەى بەشێوەيەكى زۆر خێرا ڤاكسين بەسەر زياتر لە 80%ى وڵاتەكەدا دابەش كرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست (22ى نيسانى 2021) بڵاويكردووەتەوە، نزيكەى 81%ى دانيشتووانى ئيسرائيل ڤاكسينى كۆرۆنايان وەرگرتووە، ئەوانەن كە تەمەنيان لە 16 ساڵ بەرەو سەرەوەيە و ئەو ڤاكسينەشى دابەشكراوە "فايزەر - بيۆنتيك"ە.
ڕونيشكراوەتەوە، لە ئيسرائيل يەكێك لە خێراترين پرۆسەكانى دابەشكردنى ڤاكسين لە جيهاندا پەيڕەو كراوە، بڕيارى بەستنى كەمامە بە ناچارى هەڵوەشێنراوەتەوە و شوێنە گشتيیەكان و قوتابخانەكان بە تەواوەتى كراونەتەوە و ژيان بەهۆى ڤاكسينەوە ئاسايى بووەتەوە.
ڕۆژنامەكە هێماى بۆ ئەوەشكردوووە، هاووڵاتيان ڕوويان لە ناوەندەكانى بازاڕكردن و كەنار دەرياكان و ئاهەنگە ميوزيكييەكان و يانە شەوانەكان كردووە، هەروەها هۆتێلەكان دەرگاكانيان كردووەتەوە.
دواى كوتانى زۆرينەى دانيشتووانى، ژمارەى توشبووانى ئيسرائيل كە دانيشتوانەكەى 9 مليۆن و 300 هەزار كەسە بەشێوەيەكى زۆر گەورە و خێرا دابەزى، هەروەك ئەوەى بۆ هەميشە پەتاكە كۆتايى بێت.
ژمارەى توشبووانى پەتاى كۆۆنا لە ئيسرائيل، لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى پەتاكەوە تائێستا گەيشتووەتە زياتر لە 837 كەس، لەو ژمارەیەش زياتر لە 6 هەزار کەس گيانىان لەدەستداوە و زياتر لە 829 هەزار توشبووش چاكبوونەتەوە، لە نوێترين ئاماريشدا ڕۆژى چوارشەممە تەنها 135 توشبووى تۆمار كردووە.