ناس کورد-
بەرێوەبەرى تەندروستى چەمچەماڵ ترسى خۆى نیشاندا لەبەسەرچوونى ڤاکسینى کۆرۆنا پێش ئەوەى بەکاربهێنرێت، ئەوەش بەهۆى کەمى پێشوازى خەڵک لەبارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرهاد محەمەد لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لەکۆی هەزار دۆز ڤاکسینی ئەسترازێنیکا کەگەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ تا ئێستا تەنها چوارسەد کەس ئەو ڤاکسینەی وەرگرتووە.
وتیشى "ئێستا خەمی ئەوەمە ئەو هەزار دۆزە کەوەرمان گرتووە ماوەی بەکارهێنانی بەسەربچێت و دوای نەتوانین داوای وەجبەیەکی تری ڤاکسینەکە بکەین".
لەسنورى چەمچەماڵ کوتانی ئەسترازێنیکا لەمەڵبەندی تەندروستی چەرموو لەناو شاری چەمچەماڵ و مەڵبەندی تەندروستی سیدجوهر لەناحیەی شۆڕش بەڕیوەدەچێ بەبێ ناونوسینى پێشوەختە.
بەشێکى زۆر لەو ڤاکسینەى رەوانەى هەرێمى کوردستان کراوە کۆتایی ئەم مانگە وادەى بەکارهێنانیان بەسەر دەچن و بەرپرسانى تەندروستى چەندینجار جەختیان کردووەتەوە کە پێشوازى خەڵک لە ڤاکسینەکە لە ئاستى پێویستدا نییە.