ناس کورد-
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بابەتی ڕێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام "لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەر دەدرێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا (21ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "ئێمە پابەندین بە دابەشکردنی موچە لە 25ی مانگدا."
وتیشی، "تائێستا سیناریۆی لێبڕینی موچەی یەكلانەبوەتەوە، چونكە چاوەڕێی كۆبوونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین و لەسەر بنەمای داهاتەكان بڕیاری دەدەین."
جوتیار عادل وتیشی، لە کۆبوونەوەی ئەمرۆدا باسی لێبڕینی موچە نەکراوە.
دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دابەشکردنی موچە بە لێبڕینی 21% تایبەت نییە تەنها بە وەزارەتەکەوە بەڵکو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە.
وەزارەتەکە لە ڕوونكردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (20ی نیسانی 2021) دەڵێت، "ھەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن ھەواڵێكیان بڵاو كردووەتەوە گوایە؛ وەزارەتی دارایی و ئابوری داوای كردووە گەنجینەكان لیستی دابەش كردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ئامادە بكەن بە تەمویل كردنی 79%ی موچە یاخود لێبڕینی 21%، لێرەوە بەھەموولایەكی ڕادەگەیەنین كە ئەو بابەتە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بڕیاری لێدەدات كە چەندی موچە تەمویل دەكرێت لەسەر بنەمای داھاتی نەوتی و نا نەوتی و دواتر وەزارەتی دارایی بڕیارەكە جێبەجێی دەكات، بەھیچ شێوەیەك ئەم بڕیارە تایبەت نییە تەنھا بە وەزارەتی دارایی و ئابوری بەڵكو پەیوەستە بەھەموو ئەنجومەنی وەزیرانەوە."