گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە وێنە

پاککردنەوەی کەرکوک لە زبڵ و خاشاک ڕاگیرا و سەرۆکی شارەوانی داوای لێبوردن دەکات

2021.04.20 - 19:57
App store icon Play store icon Play store icon
پاککردنەوەی کەرکوک لە زبڵ و خاشاک ڕاگیرا و سەرۆکی شارەوانی داوای لێبوردن دەکات

ناس کورد-

بەهۆی ڕاگرتنی كارەكانی پاككردنەوەی شار لە زبڵ و خاشاك بەشیوەی نیمچە تەواوەتی، سەرۆكی شارەوانیی كەركوك، داوای لێبوردن لە هاووڵاتیانی شارەكە دەكات و دەڵێت، هۆکاری کێشەکە ئەوان نین، بەگوێرەی ئامارەکانیش، ڕۆژانە لە هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاک تەنها 200 تۆنیان فڕێدەدرێت و هەزار تۆنی لە شارەکەدا دەمێنێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە 15ی نیسانی 2021ـەوە، شارەوای کەرکوک بەهۆی نەبوونی بودجە پاککردنەوەی شاریان ڕاگرتووە. 

 

 

لەوبارەیەوە، فەرەیدون عادل زەنگەنە، سەرۆکی شارەوانیی کەرکوک (سێشەممە 20ی نیسانی 2021) بە "کەرکوک ناو"ی ڕاگەیاندووە، "كارەكانمان لە 15ی مانگەوە بە شێوەی نیمچە تەواوەتی راگرتووە، هانامان بردووەتە لای پارێزگاری كەركوك و پێمانوتووە، چیتر ئەو بڕە پارە كەمە بەشی پاككردنەوەی تەواوی شار لە زبڵ و خاشاك ناكات".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ساڵێك و چوار مانگە دەناڵێنین بەدەست نەبوونی پارەی پێویست بۆ پاکكردنەوەی شار و نەبوونی پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی بۆ شارەوانیی كەركوك، تا كۆتایی 2019 وەزارەتی شارەوانیی عێراق مانگانە ملیارێك و 200 ملیۆن دیناری بۆ پاككردنەوەی شار تەرخان دەكرد، بەڵام ساڵێك و چوار مانگە بڕەكەی بۆ 200 ملیۆن دینار كەمكردووەتەوە." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو بڕە كەمە بەشی پاككردنەوەی تەنیا یەك كەرتی كەركوك دەكات لە كۆی شەش كەرت، ئەوەش بووەتەهۆی كەڵەكەبوونی زبڵ و خاشاك لەناو شار و كۆڵان و شەقامەكان".

 

سەرۆکی شارەوانیی کەرکوک ئاماژەی بەوەشکردووە، "من وەك خۆم و ستافی شارەوانی داوای لێبوردن لە خەڵکی کەرکوک دەکەین، ئێمە هۆکارنین بۆ ئەو بابەتە، بەڵکو ئەوە حكومەتی فیدراڵە بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا دەكات، هەوڵەكانیشمان لە بەغدا بۆ چەندین جار بێئەنجام بووە، هەموو شارەوانییەكانی عیراق پارەی پاككردنەوە لە پارێزگاكەی خۆیانەوە وەردەگرن، تەنیا ئێمە نەبێت كە دەبێت تەنیا پەیوەست بین بە وەزارەتی شارەوانییەوە، ئەوەش بڕێكی زۆر كەمە و بەشی پاككردنەوەی شار ناكات".

 

بەپێی ئامارەكانی شارەوانی، بەر لە بڕیاری راگرتنی كارەكانیان، رۆژانە لانیكەم هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاك هەڵدەگیرایەوە و فڕێدەدرا، بەڵام لە ئێستادا توانای شارەوانی بۆ 200 تۆن كەمبووەتەوە.

 

 

لە شوباتی 2021ـه‌وه‌ تائێستا چەند هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک هەبوون بۆ پاککردنەوەی شارەکە.

 

سەرۆکی شارەوانیی کەرکوک دەڵیت، "ئێمە سوپاسیان دەكەین بۆ ئەو هەڵمەتانە، لانیكەم 70 هەزار تۆن زبڵ و خاشاك هەڵگیرایەوە، بەڵام هەموو ئەمانە کاتی بوون و درێژخایەن نین، لەئێستادا جارێكی تر كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاك لە شەقامەكاندا دەستیپێكردووەتەوە".

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شارەوانیی كەركوك، نامەیەكیان ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان كرد، تا فشار بكەن و لەسەر ئەو پرسە بێنە دەنگ و دۆخەكەیان بە "مەترسیدار" ناوبرد.