ناس کورد-
دەزگای ئاسایشی ھەرێم ڕایگەیاند، پیلانێکی داعشیان ئاشکرا کردووە کە "لەخۆڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون و لە 22 ھەڵمەت و ئۆپراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر 22 تیرۆریست دەستگیردەکەن و رووبەڕووی یاساو دادگایان دەکەنەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە دەڵێت، سەرجەم ئەو کەسانە ڕووبەڕووی یاسا و دادگایان دەکەنەوە "کە یەکێکیان تیرۆریستی ھەرە تاوانبار ئەبو عەلی جومەیلی، والی فەلوجەیە کە بە ناسنامەی ساختەوە ھاتبووە سنوری ھەرێمی کوردستان."
دەشڵێت، "پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گروپێکی تیرۆریستی داعش کە لە چەند شارێکی ھەرێم لەخۆڕێکخستندابوون و مەرامیان بوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن."
بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم "ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پاش گەڕان و شەونخونی و چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەی زانیاری، سەرەداو بەدەستھات و تەواوی جموجۆڵەکانشیان خرایە ژێرچاودێری و پیلانەکانیان ئاشکراکران و ناسنامە و زانیاری کەسی تیرۆریستان دەست ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەوت."
دەشڵێت، "دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھاوبەش لە ژێرچاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، گەرمیان ، رۆژئاوای سلێمانی ، شارەزوور ، راپەڕین ھەر 22 تیرۆریستەکە کەلەچەند شانەیەکی نەنوستووی داعش خۆیان ڕێکخستبوو، پێش ئەوەی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکەن دەستگیرکران."
ئۆپراسیۆنەکان بەم شێوەیە بوون:
- ڕۆژی 25ی شوباتی 2021، تیرۆریست (ز . س) ناسراو بەئەنەس کوردی، دوای چاودێریکردنی کە بەنیازبوو ھەڵبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم ، لەلایەن ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزوور لە پشدەر دەستگیرکرا.
تیرۆریستی تاوانبار لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەساڵی 2019 فکری توندڕەوی داعشی وەرگرتووە و ساڵی 2020 پەیوەندی بەستوە بە گروپێکی تیرۆریستی لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق کەپیلانی دانانی ئاڵای داعش و کردەوە تیرۆریستیەکەیان دانابوو لەو شارە، و چەندین تیرۆریستی فێری دروستکردنی عەبوەو مادە تەقەمەنییەکان کردوەو مەرامیان بووە چەند کردەوەیەک ئەنجامبدەن و ھیجرەت بکات بۆناو داعش.
ڕۆژی25ی ئازاری 2021 لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورەو سەرکەتووی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەچەمچەماڵ تیرۆریستی ھەرەتاوانبار و لەیاسا ھەڵھاتوو (ح . م) ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە دەستگیرکرا کەدەستی سورە لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی و دژ بە مرۆڤایەتی کە سەرەتا پەیوەندی ھەبووە بەرێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەو لەساڵی 2014 بەیعەتی داوە بەتیرۆریستانی داعش و وەک چەکدارێکی ھەرەتاوانبار بەشداری و سەرپەرشتیی دەیان کردەوەی تیرۆریستی کردوە دواتر کراوە بە جێگری والی ویلایەتەکانی باکور و پاشان بووە بە والی و ئەمیری فەلوجە.
رۆژی 1ی نیسانی 2021 لەچەند ھەڵمەتێکی تری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان ھەرسێ تیرۆریستی تاوانبار ( چ .ف ) ناسراو ابودردا و یونس کوردی و ( م . ح ) و ( م .ح .ع ) ناسراو بە عەلی کوردی لەکەلار دەستگیرکران.
لەلایەکی ترەوە ھەمان شەو تیمێکی سەربازی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ لە پێنج ھەڵمەتی سەرکەوتوو و پشتبەستوو بەزانیاری ورد ٥ تیرۆریستی تر لەیەک کات و ساتدا دەستگیرکران کە پێکھاتبوون لەتیرۆریستان (ئ . ھ ) ( ش . ب ) ناسراو بە ھاران و ( س . ن ) و ( ھ .ئ ) و ( ئ . ن )
لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بوون و بەدواداچوونەکان چڕترکرانەوە و لە ڕۆژی 2ی نیسانی 2021 لە ھەشت ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان ھەشت تیرۆریست تری ھەمان شانەی نەنستوی داعش دەستگیرکران کە ( ھ .ع ) و ( م .ن ) لە کفری و ( د.س ) ناسراو بە ( د . بوخاری ) و ( ش . ع ) و ( ع .ع ) ناسراو بە بن لادن کوردی و ( ئ .ح ) ناسراو بە ئەبو شەھاب و ( م .ج ) ناسراو محەمەد کوردی لە کەلار و ( م .ن ) لە باوەنور دەستگیرکران.
ھەر پەیوەست بەم تاقم و گروپە توندڕەوانەی تیرۆریستانی داعش ، ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان رۆژی ٣/٤/٢٠٢١ ھەر لەکەلار تیرۆریست ( م. ئ ) ناسراو بە حەبیب دەستگیراو پاش رۆژێک ٤/٤ ھەردووتیرۆریست ( ر .ئ ) و ( ج .س) ناسراو بە ئەبو ئەنەس لە سلێمانی و ( ئ. ح ) لە کفری دەستگیرکران.
پاش لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی وتەی تیرۆریستان و داننان بە تاوانەکانیان ئاشکرایانکرد، پیلانیان بووە چەند شانەیەکی نەنوستووی داعش دروستبکەن لەھەرێم و خۆیان بۆ چەند کردەوەیەک ئامادەبکەن، راھێنانیانپێکراو لەسەر دروستکردنی عەبوەو مەوادی تەقەمەنی و پیلانیان داناوە بۆ تەقاندنەوەی چەند شوێنێک و رفاندنی خەڵک و تیرۆرکردنی ئەفسەرانی ئەمنی بەتایبەت ئەوانەی رۆڵیان ھەیە لەرووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ، لەگەڵ شکاندنی کێلی شەھیدانی رووبەڕووبوونەوەی داعش ، ئەوەی مایەی سەرنج و ھەڵوەستەشە تیرۆریستان لەرێگای تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە فیکری توندرەوی داعشیان وەرگرتوەوە و ھەمان تۆڕیان بەکارھێناوە بۆ فراوانکردنی تاقم و گروپەکانیان و چەندین پەیج و ئەکاونتیان داناوە بۆ بانگەشەکردن و وانەی تەکفیر و توندڕەوییان خوێندوەو تەکفیری ھەر مامۆستایەکی ئاینی و ھاووڵاتییەکیان کردەوە کە لەژێرگاریگەری بیری توندڕەوییان نەبووبێت.