گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موچە

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە لەبارەی موچەی فەرمانبەران

2021.04.20 - 16:24
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە لەبارەی موچەی فەرمانبەران

ناس کورد- 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق 10 مانگە هیچ موچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە و داوادەکات، بەغدا پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ سێشەممە 20ی نیسانی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاووتوێ کرا.

 

ئەوەش هاتووە، سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدرالی، سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتکردەوە و داواشی کرد لە بەرامبەردا، حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات کە 10 مانگ دەبێت، حکومەتی فیدراڵی، هیچ بەشە موچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی حکومەت هیوای خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستەسەر چاکسازییەکانی حکومەت بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوە و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و برەودان بە شەفافیەت و سنودرانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی .

 

ئەوەش هاتووە، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەکات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیارەکانی کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای دایەوە.