گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دوو رێگا’’

رێواز فایەق پرسی ’’متمانەسەندنەوەى’’ لە کازم فاروق یەکلاکردەوە

2021.04.20 - 14:46
App store icon Play store icon Play store icon
رێواز فایەق پرسی ’’متمانەسەندنەوەى’’ لە کازم فاروق یەکلاکردەوە

ناس کورد-

 

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ماددەى تایبەت بە سەندنەوەى متمانە بەسەر کازم فاروقدا جێبەجێناکرێت، لەبەرئەوەى بەبڕیارى پەرلەمان بێبەشکراوە لە دانیشتنەکان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ سێشەممە بۆ جارى سێیەم کازم فاروق سەرۆکى فرکسیۆنى نەوەى نوێ رێگری لێکرا بەشدارى دانیشتنى پەرلەمان بکات، بەهۆى پێڵاوگرتن لەسەرۆکى پەرلەمان لەدانیشتنى پێشتردا.

 

بەپێی ماددەى 22 ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، هەر پەرلەمانتارێک سێ جار لەسەریەک بەبێ هۆکار بەشدارى دانیشتنەکان نەکات، رێوشوێن بەرانبەرى دەگیرێتەبەر تا ئاستى لێسەندنەوەى متمانە.

 

رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى پەرلەماندا وتى "ئامادەنەبوونى کازم فاروق لە دانیشتنەکانى پەرلەمان بە بڕیارى پەرلەمانە نەک بە ئیرادەى خۆى، لەبەرئەوە ئێمە حوکمى غیابى بەسەردا نادەین و بەپێی ئەو ماددەیە مامەڵەى لەگەڵدا ناکرێت".

 

وتیشى "ئەو بڕیارە بەدەنگدان کراوە، بۆ ئەوەش کە بگەڕێتەوە دانیشتنەکان دوو رێگا هەیە یان داواى لێبوردن بکات یان بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە".

 

رێواز فایەق رونیکردەوە، هەڵوەشاندنەوەى بڕیار پێویستى بە پێشکەشکردنى داواکارى هەیە، ئەوان لەوە زیاتر ناتوانن هیچ جوڵەیەکى زیاتر بکەن.

 

ڕۆژی 31ی ئازاری 2021، کازم فاروق پێڵاوى گرتە ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمان دواى ئەوەى سەرۆکى پەرلەمان نەیهێشت قسەکانى تەواو بکات. هەر دوای ئەو ڕووداوە، پەرلەمان بە دەنگی 73 پەرلەمانتار بڕیاری دا بە سزادانی کازم فاروق بە بێبەشکردنی لە بەشداریی دانیشتنەکان تا داواى لێبوردن دەکات.    

 

کازم فاروق ئەمڕۆ سێشەممە دواى ڕێگری لێکردنى بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانى پەرلەمان جەختیکردەوە داواى لێبوردن ناکات و بێمنەتى خۆشى نیشاندا لەهەر بڕیارێک پەرلەمان لەبارەیەوە بیدات لەناویاندا لێسەندنەوەى متمانە.