گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

لە ناو فراکسیۆنى پارتى داواى لێخۆشبوون لە کازم فاروق دەكرێت

2021.04.20 - 13:25
App store icon Play store icon Play store icon
لە ناو فراکسیۆنى پارتى داواى لێخۆشبوون لە کازم فاروق دەكرێت

ناس کورد-

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی  لەپەرلەمانی کوردستان، داوای لەسەرۆکی پەرلەمان کرد ڕێگە بەکازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بدرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەروان هەرکی ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی( 20ی نیسانی 2021) لە میانەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، داوای لە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد جارێکی دیکە ڕێگە بە کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێوهۆڵی پەرلەمان وبەشداریی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بکاتەوە.

 

 ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆزکرد کە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا هەڵواسراوە کە دەڵێت" وامرهم شورى بينهم " وتی "ئەوە قسەی خودای  گەورەیە کە دەڵێت دەبێت موسلمانەکان پرسەکانیان بەڕاوێژکاریی چارەسەر بکەن، بۆیە چۆن ئێوە بەڕاوێژکاری وکۆی دەنگی ئەندامانی  پەرلەمانی کوردستان بریاری قەدەغەکردنتان بۆ کازم فاروق دەرکرد کە جارێکی تر بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا نەکاتەوە هەر بەو شێوەیەش دەتوانن جارێکی دیکە لێخوشبوون بۆ ئەو پەرلەمانتارە دەربکەن".

 

هەرکی ئەوەشی وت "ئێمە لاریمان نییە لەوەی کە دکتور کازم، هەڵەی کردووە، بەڵام خودای گەورە بە گەورەیی خۆی لەبەندەکانی خۆش دەبێت، خودای گەورە چەندین ناوی هەیە وەک ڕەحمان، ڕەحیم وعەفو، بۆیە من داوا لەئێوە دەکەم، جارێکی دیکە بەبڕیارەکەتان بچنەوە و لە دکتور کازم فاروق، خۆشبن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەشداریی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بکاتەوە.  

 

لە 31ی ئازاری رابردوو دەمەقاڵێ لەنێوان کازم فاروق، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دروست بوو لەئەنجامدا ناوبراو جووتێک پێلاوی گرتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتر بەدەنگى 73 ئەندام پەرلەمان بڕیاردرا جارێکی دیکە ڕێگە بەسەرۆکی فراکسیۆنی نەوی نوێ نەدرێت بەشداریی دانیشتنەکان بکات تا ئەو کاتەى داواى لێبووردن دەکات.