گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’دوو کۆپى جیاواز’’..کێشەیەکى نوێ بەرۆکى یاساى بودجە دەگرێت

2021.04.20 - 09:10
App store icon Play store icon Play store icon
’’دوو کۆپى جیاواز’’..کێشەیەکى نوێ بەرۆکى یاساى بودجە دەگرێت

ناس کورد-

بەشێک لە بەندەکانى کۆپى پەسەندکراوى یاساى بودجەى عێراق کاردانەوەى جیاجیاى لەسەر دروستبووە و گەیشتووەتە ئاستێک باس لە بوونى جیاوازى دەکرێت لەنێوان کۆپى پەسەندکراو لەگەڵ ئەوەى پەرلەمان پەسەندیکرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژنامەى "سەباح" ى فەرمى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەزارى حسین عقابى ئەندامى لیژنەى داراییەوە گواستییەوە، تانەدان لەمادەکانى بودجە مافێکى دەستورییە و هەر لایەنێکى زیانمەند دەتوانێت لەبەردەم دادگاى فیدراڵى تانە بدات لەئەگەرى هەر سەرپێچییەکى ماددەکان لەگەڵ دەستوردا.

 

لەبارەى جیاوازى کۆپى پەسەندکراوى یاساکە لەپەرلەمان و ئەو کۆپیەى کە سەرۆکایەتى کۆمار پەسەندیکرد، عەقابى وتى "هەڵە هەیە لەکۆپى بودجە کە تایبەتە بەخشتەى ژمارەکان، یاساکە خراوەتە جێبەجێکردنەوە لەبەرئەوەى لە رۆژنامەى فەرمى بڵاوکراوەتەوە".

 

وتیشى "کارێکى هەڵەبوو یاساکە بێ وردبینى پەسەندکرا، لەبەرئەوەى هەڵەکە بووەتە بەشێک لە یاساکە، پێویست بوو ئەو کۆپییە پەسەند بکرێت کە پەرلەمان دەنگى لەسەردا و ئەو خشتانەى لەخۆگرتبوو کەحکومەت بەپێی هەموارکردنەکانى پەرلەمان گۆڕانکاریی تێدا کرد، ئەو هەڵەیە قابیلى قبوڵکردن نییە".

 

لاى خۆیەوە، ئەحمەد سەفار بڕیاردەرى لیژنەى دارایی رایگەیاند، قەبارەى خەرجییەکان لە بودجە لە 164 ترلیۆن دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 129,9ترلیۆن، دەسەڵات دراوەتە وەزارەتى دارایی بەپێی خشتەکان دابەشی بکات.

 

جەختیشیکردەوە هەر گۆڕانکارییەک کرابێت دەکرێت لە دادگاى فیدراڵى تانەى لێبدرێت، پەرلەمان دەنگى لەسەر خشتەکان نەداوە بەڵکو دەنگى لەسەر ئەو ژمارانە داوە کە خشتەکان پێکدەهێنن، ئەوەش ئەرکى حکومەت و وەزارەتى داراییە.

 

وەزارەتى دارایى عێراق (19ى نیسانى 2021) بودجەى گشتى 2021ى عێراقى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، دواى ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى فەرمى بڵاوکرایەوە.

 

حكومەتی عێراق ڕەخنەی زۆری لە دەستكاریكردنی بڕگە و بابەتەكانی بودجە هەیە لە پەرلەمان و لیژنەی دارایی و سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی لە سەماوە ڕایگەیاند كە تانە لەهەندێك بڕگەو مادەی دەدات لەبەردەم دادگای فیدراڵی.