گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ناوەڕۆکی پەیوەندی بەرهەم ساڵح و ڕێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرا کرا

2021.04.20 - 00:31
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکی پەیوەندی بەرهەم ساڵح و ڕێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرا کرا

ناس کورد-

بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتونیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا و سەبارەت بە دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان کرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە ئێوارەى ئەمڕۆ (19ی نیسانی 2021) ئەنجام دراوە، "گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی سەروەری یاسا و کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و تێپەڕاندنی تەنگژەکان لە رێگەی گفتوگۆ و یەکخستنی ھەوڵەکان لە پێناو دۆزینەوەی رێگەچارەی ھاوبەش بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپاتکرایەوە، ھاوکات ئاماژە بەوەشکرا کە سەقامگیری و سەروەری عێراق بنەمایەکی گرنگە بۆ ئاسایش و ئارامی سەرجەم گەلانی ناوچەکە."

 

ھەروەھا "پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێکرا، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئایندە ئەنجام بدرێت، لەوبارەیەوە سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لەگرنگی کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی کارا و جددی لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە پێناو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دەستەبەرکردنی چاودێرییەکی نێودەوڵەتی بەسەر ھەڵبژاردنەکانەوە، بەو ئامانجەی زامنی بەشدارییەکی بەرفراوان بکرێت و خەڵک ئازادانە گوزاشت لە خواستی ئازادی خۆیان بکەن، بەشێوەیەک بەرجەستەی بڕیاری راستەقینەی خەڵک بێت."

 

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگرنگییەوە باسی لەو پەرەسەندنە ئیجابییانەی کرد کە عێراق بەخۆیەوە دەبینی، ھەروەھا جەختی لەوەشکردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی تەواوی ھەوڵ و کۆششەکانی عێراقە لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری، ھەروەھا راشیگەیاند پشتیوانی لەو ھەوڵانەش دەکات کە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵینگارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادان."