ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، بەپێی لێکدانەوەکان پشکى هەرێم بەشى ئەوەدەکات کە لێبڕینى موچە کۆتایی بێت و دەشڵێت، لەمەودوا هیچ بەهانەیەک لەبارەى نەوتەوە سودى بۆ هەرێم نابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شیروان میرزا، پەرلەمانتارى یەکێتى و ئەندامى لیژنەى دارایی ئەمڕۆ دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى کە "ناس کورد" بینیویەتى ڕایگەیاند، "بەپێی یاساى بودجە هەر بڕە پارەیەک ڕەوانەى هەرێم دەکرێت دەبێت بۆ موچە بێت، بۆیە ناکرێت پارە بێت و موچە بە لێبڕینەوە دابەش بکرێت".
ڕوونیشیکردەوە، "هەموو لێکدانەوەکان دەریدەخەن باى ئەوەندە پارە لە بەغداوە دێت کە لێبڕین کۆتایی بێت، بۆیە جێگەى سەرسوڕمانە بەرپرسانى هەرێم باس لەوەدەکەن رەنگە ئەم مانگە لێبڕین بمێنێت".
شیروان میرزا دەڵێت، شاندى هەرێم و بەرپرسان خۆیان دەیانزانى کە نەوت بەکەمتر دەفرۆشن بەڵام رازى بوون کە داهاتەکەى بدەن نەک نەوتەکە، بۆیە ئێستا بەهانە لەو بارەیەوە بۆ بەرپرسانى هەرێم هیچ سودى نییە.
وەزارەتى دارایى عێراق (19ى نیسانى 2021) بودجەى گشتى 2021ى عێراقى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و پشکى هەرێمى کوردستانیش لە بودجەکە بە 11,4 ترلیۆن دینار دیاریکرا.
پێشتر ڕۆژنامەى وەقایعی فەرمیی حکومەتی عێراق یاسای بودجەی ساڵی 2021ی بڵاوکردەوە تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.