گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرس و ئەفسەری باڵا!

باس لە دەستگیرکردنی ’’داینەسۆرەکانی گەندەڵی’’ لە عێراق دەکرێت

2021.04.19 - 23:41
App store icon Play store icon Play store icon
باس لە دەستگیرکردنی ’’داینەسۆرەکانی گەندەڵی’’ لە عێراق دەکرێت

ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، وەزارەتەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ژمارەیەک کەسایەتی دەستگیرکردووە کە پلە و پۆستی جیاوازیان هەیە بەتۆمەتی گەندەڵی ولە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕەی "الحرة"ی ئەمریکی (19ی نیسانی 2021) بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ماڵپەرەکەی وتووە، "ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە ناو حکومەتدا پلە و پۆستی جیاوازیان هەیە".


ئاماژەی بەوەشکردووە، "لێکۆڵێنەوەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە هەماهەنگی دەزگای هەواڵگری عێراقە، ئەو تیمەشی کە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران دەکات بەسەرۆکایەتی فەریق ئەحمەد ئەبورغیفە، ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ئەو ئەرکی پێ سپێردراوە".


سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەنگۆی ئەوە هەیە بەم نزیکانە و لەم مانگی ڕەمەزاندا کەسایەتی باڵا و پلە بەرزی دیکە کە ناسراوەن بە داینەسۆری گەندەڵی بکەونە داوی ئەو تیمەوە".

 

دواى دەستگیرکردنى ژمارەیەک بەرپرسى باڵا بەتۆمەتى تێوەگلانیان بە گەندەڵى، ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئیرادەیەکى چاوەڕوانکراو لەئارادایە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لە وڵاتتدا.  

  

کەریم ئەبو سودە، ئەندامى لیژنەى دەستپاکى عێراق (19ى نیسانى 2021) بە ئاژانسى هەواڵیی عێراقییەی ڕایگەیاندووە، دژایەتى گەندەڵى و گەڕانەوەى پارە دزراوەکان لەلایەن گەندەڵکارانەوە پێویستى بە ئیرادە هەیە و ئاڕاستەیەکیش هەیە بۆ ئەوەى شۆڕشێک لەدژى گەندەڵى و شەڕى بەجدى بکرێت لەناو کۆمەڵگە و دامودەزگاکاندا.  

  

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، لیژنەى دەستپاکى لە پەرلەمان چەندین دۆسیەى گەورەى لەبەردەستدایە کە ژمارەیەک لە وەزیرەکانى کابینەکەى عەبدولمەهدى تێدایە سەربارى ژمارەیەک لە وەزیرەکانى ئێستاش.  

  

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، دۆسییەى گەندەڵى گەورەیە و پێویستى بە هەماهەنگى نێوان لیژنە و دەستە تایبەتمەندەکان هەیە بۆ چەسپاندنى یاسا بەسەر هەموو کەسێکدا کە ماڵى گشتى دەدزێت.  

  

لە ماوەکانى ڕابردوودا مستەفا کازمیى سەرۆک وەزیران لیژنەیەکى تایبەتى بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانى گەندەڵى گەورە و تاوان پێکهێنا و دەسەڵاتى تەواوەتیشى پێدا.  

  

هەر لەو چوارچێوەیەشدا و بەپێى هەواڵى میدیاکانى عێراق، بەرەبەیانى دوێنێ هێزێکى تایبەت چوونە سەر ماڵى جەمال کەربولى سەرۆکى حزبى (الحل) لەبەغدا بەمەبەستى دەستگیرکردنى، بەڵام ناوبراو خۆ ڕادەستکردن ڕەت دەکاتەوە و داواى نێوەندگیرى سیاسى لە ژمارەیەک بەرپرسى حزبە شیعەکان دەکات و ئەوەش سوودى نابێت و دەستگیردەکرێت.  

  

دوێنیش بەتۆمەتى تێوە گلان بەگەندەڵى، لوئەى کەربولى برازاى سەرۆکى حزبى "الحل" دەستگیرکرا، ئەوەش دواى دەستگیرکردنى ڕەعد قاسم محمەد، بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنان و گرێبەستەکان لە وەزارەتى کارەبا و بازرگانێک بەناوى بەها جۆرانى کە پەیوەندى بازرگانى بە کەربولیەوە هەیە.  

  

لاى خۆشیەوە، سەباح کەنانى، سەرۆکى دەزگاى چاکسازى ڕایگەیاندووە، ئەو زانیارییانەى کە بەها جۆرانى بۆ دادگا درکاندوونى زۆر مەترسیدارن.  

  

هاوکات چەند سەرچاوەیەکیش بە ماڵپەڕى "الترا عراق"ـیان ڕاگەیاندووە، بەپێى ئەو دانپێدانانەى کە جورانى کردوونى، خێزانى کەربوولى کاتێک لەوەزارەتى پیشەسازى بوون تێوەگلاون بە گەندەڵى ملیارەها دۆلار.  

  

سەرچاوەکان ئەوەشیان ڕوونکردووەتەوە، جۆرانى دانیناوە بە تێوەگلانى دوو براى کەربولى بەناوەکانى جەمال و محەمەد سەربارى تێوەگلانى لوئەى لەگەندەڵى زەبەلاح لە کەرتى کارەبادا و ڕۆڵیان هەبووە لەهێنانى چەند کۆمپانیایەک بۆ ئەوەى دەرفەت بۆ گەندەڵیەکانى خۆیان بکەنەوە.  

  

سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە، لیژنەکەى ئەبوڕەغیف کە لەلایەن کازمییەوە دامەزراوە، بەمەبەستى دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک تۆمەتبار قسەى کردووە لەوانە جەمال و لوئەى کەربولى و چاوەڕوانى هەڵگرتنى پارێزبەندیە لەسەر محمەد کەربولى بۆ ئەوەى لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت.