گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

بەرپرسێکی ئێرانی: هێرشە موشەکییەکانی سەر هەرێم بەردەوام دەبن

2021.04.19 - 17:56
App store icon Play store icon Play store icon
بەرپرسێکی ئێرانی: هێرشە موشەکییەکانی سەر هەرێم بەردەوام دەبن

ناس کورد-
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند، هێرشە موشەکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئەمەریکا هێزەکانی دەباتە دەرەوەی خاکی ئەو وڵاتە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەسەن دانایی فەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی "تەسنیم"ی وڵاتەکەی (19ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "هێرشەکان دژى هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوام دەبن، ئەمەریکا پلانی جددی نییە بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانی لە دەرەوەی عێراق".


وتیشى، "ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر بنکەکانی سوپای ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هێرشەکانی ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، گەلی عێراق و بە تایبەت گەنجان بەوە ڕازی نابن ئەمەریکا درێژە بەمانەوەی هێزەکانی بکات لەناو خاکی وڵاتەکەیان".


حەسەن دانایی فەر داواشیکردووە ئەمەریکیەکان خاکی عێراق بە جێبهێڵن "چونکە ئەوە بڕیارى پەرلەمانی عێراقە و دەنگی لەسەر دراوە."


باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق ئەوەشی وتووە، ئەگەر ئەمەریکا نیازی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی هەیە لە هەرێمی کوردستان و باکوری عێراق، ئەوا دەبێت بزانن بە دڵنیاییەوە ڕووبەڕووی هەمان ئەو دۆخە دەبنەوە کە لەناوەڕاست و باشوری عێراق دوچاری بوونەتەوە.

 

لەلایەکی ترەوە مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد لەبارەى هێرشەکانی سەر هەولێر پەیامێک ئاڕاستەی ئەمریکا دەکات و داوای لێ دەکات ئەگەر ناتوانن بەرگریی لە خۆیان بکەن ئەوەش فڕۆکەخانەکە بەجێبهێڵن.    

  

مەحمود عوسمان لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، "ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا ناتوانن بەرگریی لە خۆیان بکەن هەرکاتێک هێرشیان کرایەسەر، پێویستە فڕۆکەخانەی هەولێر بەجێبهێڵن بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی تاوەکو قوربانی مەدەنی لێ نەکەوێتەوە."  

  

دەشڵێت، "بۆچی دەبێت ئێمە باجی بێ کرداریی ئەوان بدەین؟!"  

me_ga.php?id=3295  

شەوی 14ی نیسانی 2021، بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش وتی، ئەو هێزەى هێرشەکەى هەولێرى ئەنجامداوە ئیمکانیاتی زۆری ھەبووە و پشتگیریی دەکرێت.    

  

بابەکر زێباری بە پێگەى فەرمى پارتى ڕاگەیاندووە، "ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، توانای زۆریان ھەیە کە فڕۆکەیان ناردووە و تەقەمەنییان بەرداوەتەوە و لەو شوێنەی مەبەستیان بووە تەقیوەتەوە، کە ئەوە لە کامێراکان دەرکەوتووە، بۆیە ئەوانە چەکی باشیان ھەیە و پشتگیرییان دەکرێت، ئەگەر نا ناتوانن ئەو کارە بکەن".    

  

وتیشی، "ئەوانە، ئەو کارە لەسەر سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەو ناوچانە دووریان بخاتەوە و ھێزی خۆیان لە شوێنی ئەوان دابنێت، یان بە ھێزی ھاوبەش پڕی بکەنەوە، ئەگەر نا ئەو جۆرە ھێرشانە بەردەوام دەبن".    

  

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێم باسى لەوەشکرد، ئەوان ھاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بۆیە پێویست بوو بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان ھەبێت و لە تۆڵەی ئەوە، دەبووایە 20 جار ئەوانیان بۆردوومان کردبووایە، بۆیە ئەو مەترسییە بەردەوام دەبێت تا ئەوانیش بەو شێوەیە بەردەوام بن و رێگرییان لێ نەکرێت.    

  

هەروەها بەدر زیادى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لەپەرلەمانى عێراق (15ى نیسانى 2021) بەناوەندى هەواڵى نیشتیمانى ڕاگەیاندووە، بەپێى زانیارى و لێکۆڵینەوە بەراییە ئەمنیەکان فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان فڕۆکەخانەکەى کردووەتە ئامانج لەشارى هەولێرەوە فڕیوە.    

  

ئەو پەرلەمانتارە داواش دەکات، حکومەتى فیدراڵ و هەرێم هاریکارى یەکتر بکەن بۆ ڕاگرتنى ئەو پێشێلکارییانەى کە بەمدواییانە ئەنجامدەدرێن.    

  

ئێوارەی ھەینیی ڕابردوو، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا بە توندی ئیدانەی ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێریان کرد.  

  

دوای ئەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە پێشوازی لە ڕاگەیەندراوە ھاوبەشەکەی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەکات کە تێدا ئیدانەی ھێرشەکەی شەوی چوارشەممەی سەر ھەولێر-یان کردووە.  

  

مەسرور بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی، "پێشوازی لە ھەڵوێستی دۆست و ھاوبەشانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەم کە بە کۆی دەنگ سەرکۆنەی ھێرشی ئەم دواییەی ھەولێریان کرد. ئێمە ئامانجێکی ھاوبەشمان ھەیە کە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ھەموو خەڵکی عێراق و سەرکەوتنە لە شەڕی دژ بە داعش".