ناس کورد-
داتاکانى ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتى ئاشکراى دەکەن، یەدەگى نەوتى عەمبارکراو لەکاتى سەرهەڵدانى کۆرۆناوە لەجیهاندا بەرەو نەمان دەچێت، ئاژانسى بلۆمبێرگیش پێشبینى ئەوە دەکات بەهۆى ئەو گۆڕانکاریانەوە لەنیوەى ئەمساڵدا نرخى بەرمیلێک نەوت بگاتە زیاتر لە 70 دۆلار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەى بلومبێرگ، لەنێوان ساڵانى 2015 بۆ 2019 یەدەگى نەوتى لەوڵاتانى ئابورى گەشەسەندووى جیهاندا بەرزتربووە لە 57 ملیۆن بەرمیل.
بلۆمبێرگ رونیدەکاتەوە، یەدەگى زیادەى نەوتى لەمانگى تەمموزى ساڵى 2020ەوە پێنج جار بەرزتربووە و گەیشتووەتە نزیکەى 246 ملیۆن بەرمیل و بەم مانگانەى دوایش ئاستى عەمبارکردن زۆر دابەزیووە و خواستیش لەسەر نەوت زۆر بووە.
بلۆمبێرگ دەشڵێت، لەئێستادا گەورەترین یەدەگى نەوتى عەمبار کراو لەچیندایە و لەڕووى کرداریشەوە یەدەگى هایدرۆکاربۆناتى ئەمەریکا بەرزبووەتەوە وەکو دۆخى پێش سەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆناى لێهاتووە و مانگى شوبات گەیشتووەتە ملیارێک و 800 ملیۆن بەرمیل.
هەر بەپێى ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە، عەمبارکردنى نەوت لەکەناراوەکانى خۆرهەڵاتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا هەفتەى ڕابردوو بۆ نزمترین ئاستى داکشاوە کە 30 ساڵ پێش ئێستا تۆمارى کردووە.
لەدوو هەفتەى ڕابردووشدا، ئاستى یەدەگى نەوت لەعەمبارەکاندا بۆ 27% دابەزیوە و گەیشتووەتە 50.7 ملیۆن بەرمیل بۆیە نرخى نەوتى برێنت لەهەفتەى ڕابردوودا لەبۆڕسەى لەندەن گەیشتە 67 دۆلار.
بەهۆى دابەزینى ئاستى عەمبارکردنەوە بلۆمبێرگ پێشبینى بەرزبونەوەى نرخى نەوت دەکات لەنیوەى ئەمساڵ کە نرخى بەرمیلێک نەوت بگاتە 74 دۆلار.