ناس کورد-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەدواداچونمانکرد بۆ پرسی ڕوباری سیروان و نزیکە 40 غەسالە لەسەر ئەم ڕوبارە، بوونەتە ھۆکاری تێکدانی سروشتی شارەکە و ناڕەزاییەکی زۆر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دابان محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان (19ی نیسانی 2021) لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد، بەدانپێدانانی ھەموو لایەک کارگەکانی چەو و لم زیانی گەورەی بۆ سروشت و ژینگەی سیروان و کەلار ھەیە، بەڵام کێشەی گەورە ھەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیە، لەلایەن وەزارەت و لایەنێکی دیاریکراو.
باسی لەوەشکرد، مۆڵەتیان لای سامانە سروشتیەکانە، چاودێری و بەدواداچون و سزادانیان دابەش بووە بەسەر چەند وەزارەت و شوێنێکی تر، ئیدارەی شارەکە ئامادەی ھەموو چارەسەرێکە، بە ھەڵوەشاندنەوە و لابردنی کانەکانی چەو و لم، بەھاوکاری و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
ئاشکراشیکرد، شەپۆلێک لە داگیرکاری زەوی و زار و زیادەڕۆیی و تاڵانکردنی زەوی، ڕوی لە ھەندێک ناوچە کردوە، سەرەتا و ئاماژەکانی لە گەرمیان دەرکەوتون.
پەرلەمانتارەکەى گۆڕان داوا دەکات، ڕێگری بکرێت لەوەی ئەم داگیرکاریی و تاڵانیە، زیاتر سەرنەکێشێت و کۆمەڵێک کەس بەناوی نوێنەر و بەرپرسانی حزبی و حکومی لە ڕێگەی زەوی و زاری کەلارەوە نەبنە ملیۆنێر، زەوی کەلار تاڵان نەکرێت.