ناس كورد-
وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، ئەو ژنەى کە لەگوندى ژاڵەى سەروى سەر بە سلێمانى لەچێشتخانەکەیاندا خۆى خنکاندووە ،کەسوکارەکەى سکاڵایان لەسەر مێردەکەى هەیە و بەو هۆیەوە دەستگیرکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى (دووشەممە، 19ى نیسانى 2021) تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند "هۆکارى خۆکوشتنەکەى نازانین بەڵام ئەو ژنە بۆ ماوەى 8 مانگە هاوسەرگیرى کردووە و ماڵیان لەژاڵەى سەرووە و مێردەکەى لەماڵەوە نەبووە و لە چێشتخانەکەیاندا بەلەچکەکەى خۆى هەڵواسیوە و گیانى لەدەستداوە".
وتیشى "پۆلیس و تیمەکانى بەڵگەى تاوان تەرمەکەیان بردووەتە پزیشکى دادوەرى و کەسوکاریشى ژنەکەش چونەتە بنکەى پۆلیس وتوویانە سکاڵامان لەسەر مێردەکەى هەیە و دواتر قسەى خۆمان دەکەین و پۆلیسیش مێردەکەى دەستگیرکردووە و پڕۆسەى لێکۆڵینەوەش چاوەڕوانى وتەدانى لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕووداوەکەن لەخێزانى ژن و پیاوەکە".
وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى رونیکردەوە، پیاوەکە تەمەنى 25 ساڵە و ژنەکەش تەمەنى لە 19 ساڵیدا بووە.