گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ئیدارەى گەرمیان شوێنى هەڵدانى دوو کاتیۆشاکەى بەئاراستەى شارۆچکەى کفرى دیارى کرد

2021.04.19 - 08:36
App store icon Play store icon Play store icon
ئیدارەى گەرمیان شوێنى هەڵدانى دوو کاتیۆشاکەى بەئاراستەى شارۆچکەى کفرى دیارى کرد

ناس کورد-

ئیدارەى گەرمیان راگەیەندراوێکى لەبارەى کەوتنەخوارەوەى دوو کاتیۆشا لە دوو ناوچەى جیاوازى شارۆچکەى کفرى بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو شوێنەى دیارى کرد کە کاتیۆشاکانى لێوە ئاراستەى ئەو شارۆچکەیە کرابوو.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئیدارەى گەرمیان (19ى نیسانى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، کاتژمێر 7:21 خولەکی ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ لە ناوچەی قوریچای نزیک کفریەوە دو کاتیۆشا ئاراستەی ناو قەزای کفری کرا و بەر دو گەڕەکی شارەکە کەوت، خۆشبەختانە جگەلەوەی ھاوڵاتیەک بە سوکی بریندار بوو، ھیچ زیانێکی دیکەی نەبوو.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئێستا باری ئەمنی کفری ئاساییە و ھێزەکانی پێشمەرگە لە شوێنێ خۆیان و لەدەوروبەری کفری جێگیرکراون و ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیانیش بۆ پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە لە کفریە، دەزگا ئەمنیەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە چۆنیەتی کردەوە تیرۆریستیەکە دەستپێکردوە.

 

راگەیەندراوەکە هۆشدارى دەدات لەوەى "بەم کردەوە ترسنۆکانە، تیرۆریستان ناتوانن ئارامی و ئاسایشی کفری تێکبدەن و پشێوی دروست بکەن".

 

شەوى رابردوو لەکاتى بەربانگدا دوو کاتیۆشا لەناوەندى کفرى کەوتە خوارەوە و تا ئێستاش هۆکارى کەوتنە خوارەوەى کاتیۆشاکان نەزانراوە.    

  

"ناس کورد" لەسەرچاوەیەکى ئەمنى شارۆچکەى کفرییەوە زانیوویەتى "دوو کاتیۆشا لەناوەندى شارۆچکەکە کەوتووەتە خوارەوە و ڕوداوەکە جگە لە زیانى ماددى زیانى گیانى لێ نەکەوتۆتەوە.    

  

بەگوێرەى زانیارییەکانى سەرچاوەکەى "ناس کورد" یەکێک لە کاتیۆشاکان لە گەڕەکى ئیمام محەمەد و ئەوى تریان لەناو بازاڕى کفرى کەوتووەتە خوارەوە.    

  

لەئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنى کەوتنەوەى دوو کاتیۆشاکە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستى پێکردووە.    

 

جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان (18ى نیسانى 2021) جگە لە سەردانیکردنى ئەو دوو شوێنەى کە کاتیۆشاکانى لێ کەوتە خوارەوە ئەو بریندارەشى لە نەخۆشخانە بەسەر کردەوە کە لە ئەنجامى کەوتنەوەى دوو کاتیۆشاکە بریندار ببوو.  

  

لاى خۆيەوە دكتۆر سامان سەرتيپ بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى كفرى بە "ناس كورد" ى وت، دواى كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە كەسێكيان هێناوە كە بريندار بووە، كەسەكە بە تەمەنە و برينەكەى سوكە ولە نزيك ڕووداوەكە بووە و پارچە بەرد بەرى كەوتووە.