گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یاسای بودجە لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاوکرایەوە

2021.04.18 - 13:09
App store icon Play store icon Play store icon
یاسای بودجە لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاوکرایەوە

ناس کورد-

ڕۆژنامەى وەقایعی فەرمیی حکومەتی عێرق یاسای بودجەی ساڵی 2021ی بڵاوکردەوە تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق ناتوانێ باج بخاتە سەر موچە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش ڕەوانە دەكرێت، چونكە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە و دەركردنی رێنمایی بۆ بودجە تەواو دەبێت.

 

فازڵ نەبی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (17ی نیسانی 2021) وتی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر موچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە موچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت كردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر موچە نەكراوە.

 

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق وتیشی، "ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاریی زۆری دەق و ماددەكانی نێو بودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت".

 

نەبی باسی لەوەش كرد، "لەگەڵ خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن".

 

دەشڵێت، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت