گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە چ تۆمەتێک؟

هاووڵاتییەک؛ ئاسایش کوڕێکی 12 ساڵی دەستگیرکردووم و ئەشکەنجەیان داوە

2021.04.18 - 11:46
App store icon Play store icon Play store icon
هاووڵاتییەک؛ ئاسایش کوڕێکی 12 ساڵی دەستگیرکردووم و ئەشکەنجەیان داوە

ناس کورد-

باوکێک لەسەر دزیکردنی کوڕەکەی لە مزگەوت ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ماوەی دوو ڕۆژە کوڕێکی تەمەن 12 ساڵی لەلایەن ئاسایشی هەڵەبجەوە دەستگیرکراوە، دەشڵێت، بە هەموو بەڵگەیەک کوڕەکەی بێتاوانە، بەڵام بە سۆندە لێیدراوە تا بڵێت دزییەکەی کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئیدریس عەبدولقادر، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەڵەبجەی تازەیە و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 18ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "ڕۆژی هەینی ئاسایش هەڵیکوتایەسەر ماڵمان و یەکێک لە کوڕەکانمیان برد کە ناوی توانایە، دواتر چووم بزانم هۆکار چییە، پێیان وتم، بە فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەڵەبجە و بەتۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت کوڕەکەت دەستگیرکراوە."

 

وتیشی، "دوای ڕوونکردنەوەم بۆیان دەرکەوت کە کوڕەکەی من نییە و ئەویان ئازاد کرد و وتیان، کوڕەکەی دیکەتە، ئەویشم برد بۆیان کە تەمەنی 12 ساڵە، وتیان شێوەی دزەکە لەو دەچێت، لەکاتێکدا بە هەموو بەڵگەیەک کوڕەکەی من بێتاوانە."

 

باسی لەوەشکرد، "کوڕە گەورەکەم وتی کاتێک بردوویانن بە سۆندە کە شیشی تێدا بووە لێیان داون بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنێن کە دزیان کردووە، بەڵام کوڕەکانی من هیچیان نەکردووە تا دانی پێدا بنێن، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ چۆن دەبێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەشکەنجە بدرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە هەموو بەڵگەیەکی ڤیدیۆیی سەلمێنراوە کە کوڕەکەی من ئەو کارەی نەکردووە، کە جگە لەوەی کوڕەکەم دوو ڕۆژە لە زینداندایە، ناویشیان زڕاندووم و تۆمەتی دزیان داوەتە پاڵ کوڕەکانم، بۆیە سکاڵام لەسەر ئاسایش هەیە و داواکارم لە جێگری سەرۆکی حکومەت بێت بەدەم داواکەمەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکات."