گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’ریخۆڵە و کارتۆنى بەکارهاتوو’’..هەرێم 11 کاڵا هەناردە دەکات

2021.04.16 - 23:51
App store icon Play store icon Play store icon
’’ریخۆڵە و کارتۆنى بەکارهاتوو’’..هەرێم 11 کاڵا هەناردە دەکات

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێم چەند کاڵا و کەرەستەیەکى خاو هەناردە دەکات کە زۆربەیان لەکارکەوتوون، بەڵام ئاستى هاوردە بەرزە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئابوریی هەرێم نەخۆشە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەوزاد شێخ كامیل لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژوری بازرگانی‌ و پیشەسازی سلێمانی کە "ناس کورد" بینیویەتی (16ی نیسانی 2021) ڕایگەیاندووە، "هاوردەمان زۆرەو هەناردە زۆر كەمە، رێژەكە بەئەندازەیەك جیاوازە كە بەراورد ناكرێ‌ بەیەكتر".

 

رونیشیکردووەتەوە "ساڵی 2020 لەكەلوپەل‌ و كاڵا جگە لەئۆتومبێل، 7 هەزارو 754 مەواد مۆڵەتی بازرگانیمان داوە، لەكاتێكدا لەمانگی 3 بۆ مانگی 8 دەروازە سنورییەكان بەهۆی كۆرۆناوە هەموی داخرا بوون، بۆیە ئەو رێژەیە بەراورد بەساڵی 2019 كەمە، بەڵام لەچوار مانگی كۆتایی ساڵدا جموجۆڵەكە باش دەستیپێكرد، مۆڵەتی ئۆتومبێلیش نزیكەی 991 مۆڵەتمان دابو بەئوتومبێل. سەبارەت بەهاتنیش، 166 مۆڵەتمان دابوو بۆ هەناردە كردنی كاڵا‌و شتومەكی جۆراوجۆر".

 

نەوزاد شێخ كامیل باسی لەوەشکردووە، گرنگترین ئەو كاڵایانەی هاوردەیان كردوە، پێداویستی پزیشكی، كەرەسەی پیشەسازی، خۆراك و كەرەسەی كشتوكاڵییە و گرنگترین ئەو کاڵایانەی بەتەن ناردویانەتە دەرەوە بەپلەی یەكەم كانزای لەكاركەوتوو، پاشماوەی خۆل‌و زینكە، كۆنە كارتۆنی بەكارهاتووە، وایەری كیبڵ‌، مس‌، پی سی ڤی‌، خامی ئاژەڵ‌، موی مەڕ‌، كۆنە پلاستیك‌و ریخۆڵەی چاككراو‌ و كۆنە ئەلەمنیۆم‌و فافۆنە.

 

ئەوەشی وتووە، ساڵی 2020 قەبارەی بازرگانی 4 ملیار دۆلار بووەو بەهۆی ڕێککارەکانی کۆرۆنا پاشەکشەی کردوەو بەڵام ساڵی 2019 زیاتر لە 6 ملیار بوو. جگە لەوەش هەناردەیان هیچ نییە، تەنها شتی بێ‌ بایەخ‌و لەكاركەوتون‌و داهاتێكی ئەوتۆیان نییە و بێگومان هەر وڵاتێكیش هاوردەی زۆر بێت ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئابورییەكەی نەخۆشە.

 

نەوزاد شێخ كامیل لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وتویەتی، "زیاد كردنی نرخی دۆلارو كەمكردنەوەی نرخی دینار ئەوەندەی سوودی بۆ حكومەت هەیە، سوودی بۆ خەڵك نییە لەڕووە ئابورییەكەوە، لەبەرئەوەی ئێمە داهاتمان بەشێوەیەكی سەرەكی لەسەر نەوتە، نەوتیش داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت‌و لەگۆڕینەوەیدا بەنرخێكی بەرز دەتوانێ‌ سوودی لێوەربگری بۆ پلان‌و پڕۆژەكانی خۆی".