گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشمەرگە وەڵامى حەشدى شەعبى دەداتەوە

2021.04.16 - 16:39
App store icon Play store icon Play store icon
پێشمەرگە وەڵامى حەشدى شەعبى دەداتەوە

ناس کورد-

 

بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک هێرشی نەکردۆتە سەرحەشدی شەعبی، دەشڵێت هێرشەکەى ئەمجارە بۆ سەر فڕۆکەخانەى هەولێر پێشهاتێکى مەترسیدارە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەربەست لەزگین لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە "شێوازی بەکارهێنانی درۆن شێوازێکی نوێیە لە کردەوەی تیرۆریستی، بۆیە ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە. پێویستە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکرێن، بۆ ئەوەی گروپی تیرۆرستی نەتوانن دەرفەت وەربگرن و لەوناوچانە هێرش بکەنە سەر ئەمن وئاسایشی هەرێمی کوردستان".

 

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی هێرش کردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەرتلە لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە  وتی "ئەمە دوورە لەراستیەوە، پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک هێرشی نەکردۆتە سەرحەشدی شەعبی".

 

بەوەى سەبەست لەزگین "ئەو رەوشەی ئێستا لە عێراق و ناوچەکە هەیە وایکردووە، کە دەرفەت دروست ببێت بۆ گەلێ گرووپ و حزب، کەناونیشانی جۆراوجۆر دەدەنە پاڵ خۆیان،  تاوەکو کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن و ناونیشانەکانیش وون ببن، خەڵکێک بڵێ ئەو کردەوانە ئێمەین وە لە ئەسڵیشدا ئەوان نەبن، بۆیە  دۆخێکی ئاڵۆزو بێسەرەوبەری هەیە لەم ناوچانە، کە بەداخەوە ئێمەش هاوسنورین لە گەڵ ئەم ناوچانە و دەبینە بەشێک لە ئامانجەکانیان وکارێگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت".

 

دەربارەی شوێنی هەڵدانی درۆنەکە سەربەست لەزگین وتی "تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، کە ئەو درۆنە لەچ شوێنێک هەڵدراوەو هەتا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، هەموو پێشبینی ئێمەش بۆ ئەوە دەچێت، کە ئەو کارە لەوناوچانە ئەنجامدرابێت، کە بارودۆخیان ئارام نیە".

 

رونیشیکردەوە "هەروەها هەبوونی حەشدی شەعبیش لەژێر ناوی جۆراوجۆر لەوناوچانە، کەحکومەتی عێراق کۆنترۆلی لەسەریان نیە، وادەکات ئەوگروپانە دەرفەت وەربگرن و لەوناوچانە دەستدرێژی بکەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەپێی بەرنامەو پلانی تایبەتی خۆیان".

 

دوینێ جێگرى فەرماندەى لیواى 30ى لە دەستەى حەشدى شەعبى هێزەکانى پێشمەرگەى بە هێرشکردنە سەر بنکەیەکى سەربازى دەستەکە لە سنووری بەرتلە تۆمەتبار کرد،.  

  

دحام شەبەکى، جێگرى فەرماندەى لیواى 30ى لە دەستەى حەشدى شەعبى (15ى نیسانى 2021) رایگەیاند "بەرەبەیانى ئەمڕۆ (پێنجشەممە) هێزەکانى پێشمەرگە بنکەیەکى سەربازى حەشدى شەعبییان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا یەکێک لە کارمەندەکانى حەشد بریندار بوو.    

  

بەوتەى شەبەکى لەدواى رووداوەکە و هەتا ئێستا نە حەشدى شەعبى نە نوێنەرى حکومەت سەردانى شوێنى رووداوەکەى نەکردووە.    

  

ئەو بەرپرسە سەربازییەى حەشدى شەعبى ئەو کارە بە سیناریۆى دووبارە ناودەبات و هێزەکانى پێشمەرگە بەوە تاوانبار دەکات کە پێشتریش کارى لەو جۆرەیان ئەنجامداوە.