گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەكەم كاردانەوە دژی لێبڕینی موچە لە دارایی پەرلەمانی عێراقەوە

2021.04.16 - 14:52
App store icon Play store icon Play store icon
یەكەم كاردانەوە دژی لێبڕینی موچە لە دارایی پەرلەمانی عێراقەوە

ناس کورد-

ئەندامێكى ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ئەوەى لە نوسراوى وەزارەتى دارايى بۆ ئەميندارێتى ئەنجومەنى وەزيران هاتووە سەبارە بە جێبەجێكردنى دانانى باج لەسەر موچە ڕەت دەكەنەوە و "ناكرێت دواى چوار مانگ لە دابەزاندنى نرخى دينار باجيش لەسەر موچە دابنرێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماجیدە تەميمى، ئەندامى لیژنەکە (16ى نيسانى 2021) لە ڕاگەیەنراوێکدا كە كۆپيەكى دەست "ناس كورد" كەوتووە ڕايگەياندووە، بەهەموو شێوەيەك نوسراوى ژمارە 880ى وەزارەتى دارايى كە 13ى نيسان نێردراوە بۆ ئەميندارێتى ئەنجومەنى وەزيران ڕەت دەكەنەوە كە تێيدا وەزيرى دارايى داواى كردووە دوبارە كاربە ڕێنمايى ژمارە 1ى ساڵى 2007 بكرێت بۆ دانانى باج لەسەر موچە.

 

زیاتر بخوێنەوە: دارایی عێراق داوای جێگیركردنی لێبڕینی موچە دەكات لە مانگی نیسانەوە

 

ڕوونيشيكردووەتەوە، ناكرێت موچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت ڕووبەڕووى لێبڕين ببێتەوە لەكاتێكدا چوار مانگ بەسەر دابەزاندنى نرخى دينار بەرامبەر دۆلار تێنەپەڕيوە، "ئەو بڕيارە شكستخواردنى سياسەتى ئيدارەدانى دەوڵەت و نەبوونى هەماهەنگى لەنێوان سياسەتەكانى دارايى و نەختينە پيشان دەدات."

 

تەميمى لە بەشێكى ترى ڕاگەیەنراوەکەیدا جەختي لەوەكردووەتەوە، لەكاتێكدا نرخى دينار دابەزێنرا "جەختمان لەوە دەكردەوە كە پێويستە قۆناغ بە قۆناغ بێت و هەنگاوى ئامادەكاريى بنرێت بۆ باشكردنى موچەى چاودێرى كۆمەڵايەتى و خاوەن پێداويستيە تايبەتەكان و چينە لاوازەكان و باشتركردنى مادە خۆراكيەكانى ناو فۆڕمى خۆراك و كۆنترۆڵكردنى نرخ، بەڵام بە نوسراوێكى وەزارەتى دارايى تووشى سەرسوڕمانيان كردين كە داواى دانانى باج لەسە موچە دەكات، لەكاتێكدا ليژنەى دارايى ئەو بڕگەيەى لە پرۆژە ياساى بودجەدا لابرد."

 

ئەو ئەندامەى ليژنەى دارايى پێشى وايە، "ئەو بڕيارە كاريگەرى نەرێنی لەسەر تواناى كڕين و ژيانى هاوڵاتيان بە فەرمانبەر و كاسبكاران و كەرتى تايبەتيشەوە هەيە، چونكە كاريگەرى لەسەر سەرجەم چالاكى ئابوريى دەبێت و دەبێتە هۆى پاشەكشەى، بۆيە داوا لە وەزيرى دارايى دەكات كە لەو بڕيارە پاشەكشە بكات بەپێچەوانەوە بانگهێشتى دەكەن بۆ لێپرسينەوە."