گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە چەندە

ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دوای كوتان تووشی كۆرۆنا ده‌بن ئاشکرا کرا

2021.04.16 - 11:39
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دوای كوتان تووشی كۆرۆنا ده‌بن ئاشکرا کرا

ناس کورد-

ناوه‌ندی كۆنتڕۆڵكردن و ڕێگرییكردن له‌ نه‌خۆشییه‌كان له‌ ئه‌مریكا (CDC)، بڵاویكرده‌وه‌ له‌ نزیكه‌ی 66 ملیۆن كه‌س كه‌ پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای نوێیان ته‌واوكردووه‌، پێنج هه‌زار و 800 كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكادا تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌لای ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڤاكسینیان به‌ ته‌واوه‌تی وه‌رگرتووه‌ و لانیكه‌م دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر كوتانیاندا ده‌ربازبووه‌، له‌ 100 هه‌زاردا هه‌شت كه‌سه‌ و ئه‌وه‌شیان به‌ "حاڵه‌ته‌ بازداوه‌كان" ناوبردووه‌.

 

دەشڵێت، لەو حاڵه‌تانه‌ی كه‌ دوای وه‌رگرتنی ڤاكسین تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، 40%یان سه‌روو 60 ساڵانن و له‌ڕووی ڕه‌گه‌زیشەوە 65%یان مێن.

 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی به‌ساڵاچووان سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه‌، نه‌یتوانیوه‌ تا ئاستی پێویست به‌رگریی دروست بكات، ره‌نگه‌ مه‌ترسی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لای به‌ساڵاچووان به‌رزتر بێت و جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕێكی زۆر له‌ ڤایرۆسه‌كه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌وا ئه‌و پارێزگارییه‌ی كه‌ پێویسته‌ ڤاكسینه‌كه‌ درووستیبكات، ده‌سته‌به‌ر نابێت.

 

به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی كۆنتڕۆڵكردن و ڕێگرییكردن له‌ نه‌خۆشییه‌كان له‌ ئه‌مریكا، له‌ 29%ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دوای وه‌رگرتنی ڤاكسین تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، نیشانه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یان پێوه‌ دیار نییه‌، هه‌ر له‌و كه‌سانه‌ 7%یان ده‌برێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یشی كه‌ دوای وه‌رگرتنی ڤاكسین تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و به‌هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ تا ئێستا 74 كه‌سن.

 

كاربه‌ده‌ستانی ناوەندەکە جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هیچ ڤاكسینێك ناتوانێت له‌رووی ڕێگرییكردن له‌ هه‌وكردن 100% كاریگه‌ر بێت، و پێویسته‌ ئه‌م جۆره‌ "حاڵه‌ته‌ بازداوانه‌" نه‌بنه‌ مایه‌ی سه‌رسووڕمان و ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌ به‌رده‌وام بن له‌ رێكاره‌ خۆپارێزییه‌كان.