گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پێویست بوو هاوپەیمانان تۆڵەیان بکردایەتەوە’’

راوێژکاری سەربازی نێچیرڤان بارزانى زانیارى نوێ لەسەر هێرشەکەى هەولێر ئاشکرادەکات

2021.04.15 - 17:01
App store icon Play store icon Play store icon
راوێژکاری سەربازی نێچیرڤان بارزانى زانیارى نوێ لەسەر هێرشەکەى هەولێر ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو هێزەى هێرشەکەى هەولێرى ئەنجامدا،  ئیمکانیاتی زۆری ھەبووە و پشتگیریی دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بابەکر زێباری ئەمڕۆ پێنج شەممە بە پێگەى فەرمى پارتى راگەیاندووە "ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، توانای زۆریان ھەیە کە فڕۆکەیان ناردووە و تەقەمەنییان بەرداوەتەوە و لەو شوێنەی مەبەستیان بووە تەقیوەتەوە، کە ئەوە لە کامێراکان دەرکەوتووە، بۆیە ئەوانە چەکی باشیان ھەیە و پشتگیرییان دەکرێت، ئەگەر نا ناتوانن ئەو کارە بکەن".

 

وتیشی "ئەوانە، ئەو کارە لەسەر سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەو ناوچانە دووریان بخاتەوە و ھێزی خۆیان لە شوێنی ئەوان دابنێت، یان بە ھێزی ھاوبەش پڕی بکەنەوە، ئەگەر نا ئەو جۆرە ھێرشانە بەردەوام دەبن".

 

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێم باسى لەوەشکرد، ئەوان ھاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بۆیە پێویست بوو بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان ھەبێت و لە تۆڵەی ئەوە، دەبووایە ٢٠ جار ئەوانیان بۆردوومان کردبووایە، بۆیە ئەو مەترسییە بەردەوام دەبێت تا ئەوانیش بەو شێوەیە بەردەوام بن و رێگرییان لێ نەکرێت.

 

درەنگانى شەوى رابردوو بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و بەوتەى ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لەپەرلەمانى عێراق فڕۆکەکە لە هەولێرەوە ئاڕاستەکراوە.

 

بەدر زیادى ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لەپەرلەمانى عێراق (15ى نیسانى 2021) بەناوەندى هەواڵى نیشتیمانى ڕاگەیاندووە، بەپێى زانیارى و لێکۆڵینەوە بەراییە ئەمنیەکان فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان دوێنێ شەو فڕۆکەخانەکەى کردووەتە ئامانج لەشارى هەولێرەوە فڕیوە.  

  

ئەو پەرلەمانتارە داواش دەکات، حکومەتى فیدراڵ و هەرێم هاریکارى یەکتر بکەن بۆ ڕاگرتنى ئەو پێشێلکارییانەى کە بەمدواییانە ئەنجامدەدرێن.  

  

زیادى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، لێکەوتەى بەئامانج گرتنى فڕۆکەخانەى هەولێر بەشێوەیەکى بەردەوام، حکومەتى فیدراڵ و هەرێم بەتایبەتى لەبەردەم باڵیۆزخانە بیانیى و ئەمەریکییەکاندا لەهەرێم دەخاتە دۆخێکى بێزارکەرەوە.  

  

ئەو ئەندامەى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى دەشڵێت، بەئامانج گرتنى فڕۆکەخانەى هەولێر بەشێوەیەکى بەردەوام ، چەند لایەنێک لەپشتیەوەن کە هەوڵى کاریگەرى خستنە سەر پەیوەندییە ناوخۆییەکانى نێوان هەرێم و ناوەند دەدەن بۆیە پێویستە هەردوولا بەهاوبەشى بجوڵێن و لیژنەکەشیان ئیدانەى ئەو کارانە دەکات.