ناس کورد-
وەزیرى تەندروستى عێراق هۆشدارى ئەوە دەدات، لەئەگەرى هەڵکشانى زیاترى ڕێژەى توشبوون بەکۆرۆنا ئەگەرى سەرهەڵدانى نەوەیەکى نوێترى ڤایرۆسەکە دەکرێت کە ئەوەش سیستمى تەندروستى پەک دەخات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن تەمیمى، وەزیرى تەندروستى عێراق (15ى نیسانى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى ڕایگەیاند، هەڵکشانى توشبوون بەڤایرۆسەکە و گەیشتنى ڕێژەکەى بەنزیکەى هەشت هەزار توشبووى ڕۆژانە لەئەنجامى کەمتەرخەمى هاوڵاتیانە بەڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان کە ئەوەش ئەگەرى دەرکەوتنى نەوەى نوێترى ڤایرۆسەکەى لێ دەکرێت کە کێشەى گەورەتر بۆ سیستمى تەندروستى دروست دەکات.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، فەرمانگە تەندروستیەکانیان خاوەنى توانا و ژێر خانن بەڵام ئەوەى لێى دەترسن ڕێژەى توشبوون بگاتە ئاستێک لەتواناى نەخۆشخانەکان دەربچێت.
پێشتریش سەیف بەدر وتەبێژى وەزارەتەکە هۆشدارى لەبەردەوامى تەشەنەسەندنى پەتاکەیدا و ڕایگەیاند، بەستنى ماسک و دورکەوتنەوە لەیەکتر باشترە لەهەموو ڤاکسینێک و تا ئێستاش 167 هەزار هاوڵاتى ڤاکسینیان وەرگرتووە ئەوەش ڕێژەیەکى کەمە و داواش لەهاوڵاتیان دەکەن بۆ وەرگرتنى ڤاکسین ڕوو لەبنکەکان بکەن.
لاى خۆشیەوە ، دکتۆر عەلى بەیانى بەڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، پێویستە ڕێوشوێنى سەپاندنى وەرگرتنى ڤاکسینەکان بگیردرێتە بەر بەهۆى ئەوەى توشبوو بەشدار دەبێت لەگواستنەوەى پەتاکە بەمەبەست و بێ مەبەست جا بۆیە ئەوە زیان بەتەندروستى هاوڵاتیان دەگەیەنێت.