گه‌ڕان

Shadow Shadow

بیروڕا

لە نێوان پاپا و بەرهەم ساڵحدا

2021.04.14 - 15:19

لوقمان حاجی قادر

ناس بیروڕا-

نوسینی: حەمزە مستەفا
وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر

زۆرینەی هەرە زۆرمان بە سەركردەی دەوڵەتە زلهێزەكان و مەڕجەعە ئاینی و هزری و سیاسییەكانی جیهان و ناوچەكەشەوە، كۆكین لەسەر ئەوەی كە سەردانەكەی پاپا فڕانسیس پایای ڤاتیكان بۆ عێراق ڕووداوێكی مێژووی بوو. سەرباری هەموو ئەوەی لە ڕووی میدیایی و سیاسییەوە لەبارەیەوە گوتراوە؛ هەر لە ساتەوەختی گەیشتنی بۆ بەغدا و سەردانی پارێزگاكانی دیكە و دیداری لەگەڵ سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەڕجەعی باڵای نەجەف، دەكرێت لە ئایندە زۆر شتی لەسەر بنیات بنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەم سەردانەی پاپا وایكرد بۆ یەكەمجار و دوور لە هەموو تێزێكی تیۆری بیرمەندانی خۆرئاوا كە دیارترینیان سامۆئیل هنتكتۆنە كە تێزەكەی باس لە پێكدادانی شارستانییەتەكان دەكات، ژینگەیەكی لەبار بۆ گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەقینەی ئاینی و ڕۆشنبیری بڕەخسێت و بێتەكایەوە.


دەكرێت بڵێین كە وتارەكەی قەداسەتی پاپا لەو ئاهەنگەی لە سەرۆكایەتی كۆمار لە بەغدا بۆی سازكرا و كۆمەڵێك لە گەورە بەرپرسانی عێراق ئامادەی بوون، گوزارشت بوو لە گرنگی بایەخدان بە ئامادەسازی بۆ گفتوگۆیەكی ڕاستەقینەی ڕاستەوخۆ. هاوكات وتارەكەی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح لە بەردەم پاپا و بەرپرسانی وڵات، هاوتەریب و گونجاو بوو لەگەڵ ئەو دۆخە گشتییەی كە هەموو لایەك لە ئێستادا پێویستیان پێیەتی بە مەبەستی كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ، بەو پێیەی دەمانەوێت بچینە ناو سەردەمێكی تازەوە كە برایەتی و لێكتێگەیشتن و هاریكاری لە هەموو بوارەكاندا ناونیشان و دروشمی بێت.
لەوانەیە ئەو قسانەی پاپا كردنی لە دوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆما، كە لە ڕێگەی پەیامێكەوە بەم دواییانە ئاراستەی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵحی كرد، بەرجەستەیەكی تێروتەواوی ویست و ئارەزووی قەداسەتی بێت كە ئەمە دوا سەردانی نابێت بۆ عێراق، خودی پاپا ئەو سەردانەی بە سەردانی حەج و تۆبەكردن لە قەڵەمدا، بۆیە سەردانەكە تەنها سەردانێكی پڕۆتۆكۆڵی نەبوو، بەڵكو سەردانێك بوو بۆ دەستپێكردنی قۆناغ و سەردەمێكی تازەی گرێدانی پەیوەندی لە نێوان ئاین و ڕۆشنبیری و شارستانییەتەكاندا.


قەداسەتی پاپا لە پەیامەكەیدا وتی:
"لەو چەند ڕۆژەی لەگەڵ عێراقییەكان بەسەرم برد، بە ڕوونی هەستم بەوە كرد كە جیاوازی ئاینی و رۆشنبیری و نەژادی كە كۆمەڵگای عێراقی پێ دەناسرێتەوە، دەكرێت ببنە بنەما و پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ عێراق و هەموو جیهان".
قەداسەتی پاپا ئەوەشی گوت: "عێراقی ئەمڕۆ زۆر پێویستی بەوەیە بۆ هەموو جیهان بە گشتی و بە تایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بسەلمێنێت كە سەرباری پێكهاتە جیاوازەكەی دەتوانێت بە تەبایی بژیت و لە پێناو بنیاتنانی ژیانێكی مەدەنیانە و پتەوكردنی ڕایەڵەی لێووووردەیی و بەیەكەوەژیان، برایانە و ئاشتییانە هاریكاری یەكتر بكەن، ئەم بەیەكەوەژیان و تەباییەش بكەنە كەرەستەیەكی خزمەتگوزاری بۆ برەودان بە گیانی چاكەكاری و زیندووكردنەوەی ئومێد و هیوا لە پێناو بنیاتنانی ئایندەیەكی باشتر و پڕشنگدارتر".


پاپا لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەشدا:
"جەنابی سەرۆك كۆمار؛ دەمەوێت لە قوڵایی دڵمەوە سوپاس و پێزانینی ڕاستەقینەی خۆمت پێڕابگەیەنم سەبارەت بە هەموو ئەو كارانەی كردووتانن و لە ئێستاشدا لەسەریان بەردەوامن لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی یەكگرتووی لێوانلێو لە گیانی برایەتی و پێكەوەهەڵكردن و بەیەكەوەژیان".


ئەگەر كاكڵە و ناوەرۆكی پەیامەكەی پاپا بۆ سەرۆك بەرهەم لەگەڵ ئەو وتارەیدا گرێ بدەین كە لە بەغدا پێشكەشی كرد كە وڵامێك بوون بۆ وتارەكەی سەرۆك كۆمار، هەروەها ئەو دوو بەیاننامەش كە لە لایەن دەوڵەتی ڤاتیكان و مەڕجەعی باڵای نەجەفەوە دەرچوون؛ ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە ئەوەی لەو سەردانە و دوای سەردانەكەش ڕوویاندا لە سەرجەم بوارەكاندا، گوزارشت لە ویست و ئارەزوویەكی ڕاستەقینەی بەهێز و بوونی مەودایەكی باش و لەبار و گونجاو دەكات بۆ برەودان بە هاریكاری و لێكتێگەیشتن لە عێراقدا، چونكە عێراق بەو توانست و لێوەشاوەییە جۆراوجۆرانەی هەنی، دەتوانێت ببێتە پێگەیەكی بەهێز بۆ دەستپێكی گفتوگۆیەكی ڕاستەقینەی نێوان ئاین و ڕۆشنبیری و شارستانییەكان.


هێشتا كات گونجا و لەبارە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جدی و بونیادنەر، لەو باوەڕەشدام سەرۆك بەرهەم شیاوترین كەسێكە كە لە قۆناغی ئایندەدا بتوانێت ئەو ڕۆڵە مێژوویە بگێڕێت.