ناس کورد-
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی کۆبوونەوە و بە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری کەرکوکیان تاوتوێکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆک کۆمار کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٤/١٣ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری کەرکوک و ئەو کێشانەی رووبەڕووی دانیشتوانەکەی دەبێتەوە و پێویستی بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی کەرکوک و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی بەهێزکردن و پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی شاری کەرکوک بە گوێرەی دەستوور و پشتیوانیکردن لە دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان و خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی شارەکە و تێپەڕاندنی مەینەتی و ئاستەنگەکان دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری و چارەسەرکردنی کێشەکان بەخواستی خەڵکی رەسەنی شاری کەرکوک.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار باسی لە پێویستی کۆتایهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کەمکردنەوەی مەینەتی کەرکوکییەکان کرد و رایگەیاند کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی، بۆیە گرنگە گشت سەرچاوە و تواناکان بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی رەسەنی کەرکوک بێت، ھەروەھا جەختیشیکردەوە لە پێویستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەلامەتی ھاووڵاتیانی کەرکوک و رێگریکردن لە تیرۆریستان و ھەموو ئەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر ئارامی شارەکە.