گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

یەکەم بڕیار لە بەنداوى دەربەندیخانەوە دواى دابەزینى مێژوویی ئاستى ئاو

2021.04.13 - 13:52
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم بڕیار لە بەنداوى دەربەندیخانەوە دواى دابەزینى مێژوویی ئاستى ئاو

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ بەردانەوەى ئاو بۆ نیوەى ساڵى رابردوو کەمدەکرێتەوە، دواى ئەوەى ئاوى بەنداوەکە بۆ کەمترین ئاست لەماوەى 60 ساڵدا دابەزى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رەحمان خانى ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکرد، ئاستى ئاوى بەنداوەکە بەراورد بە ساڵانى رابردوو کەمترە، پێویستە بەخێرایی رێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ئاوەى بەردەدرێتەوە.

 

وتیشى "پلانى بەردانەوەى ئاو لەپێنج مانگى ئایندەدا جێبەجێدەکرێت، بۆ ئەمساڵ نیوەى ساڵى رابردوو ئاو بەردەدەینەوە".

 

رەحمان خانى باسى لەوەشکرد، سەربارى کەمبوونەوەى ئاو، ئاوێکى زۆر بەفیڕۆ دەڕوات بەهۆى گۆڕینى رێڕەوى سروشتى ئاوەکە لە روبارى سیروان لەلایەن ئەو کارگانەوە کە لەسەر رۆخى روبارەکە کاردەکەن

 

ئەوەشى خستەڕوو، بۆ ئەمساڵ تەنها جەختیان لەسەر دابینکردنى ئاوى خواردنەوە و لەناونەچوونى باخ و دارستانەکانە.

 

بەنداوى دەربەندیخان ئەمساڵ لەدوو لاوە روبەڕووى گرفت بووەتەوە، کە باران بارین و گلدانەوەى ئاوى زیاترە لەدیوى ئێرانەوە لەسەر ئەو سەرچاوانەى دەڕژێنە بەنداوەکەوە.  

 

ئەو ناوچانەى پشت بەئاوى بەنداوى دەربەندیخان دەبەستن لەدەربەندیخانەوە تا گەرمیان و حەوزى دیالە درێژدەبێتەوە، ئەو ئاوەى لەزستان و بەهاردا کۆدەکرێتەوە بەپێی بەرنامەیەک بۆ ئەو ناوچانە بەردەدرێتەوە بۆ مەبەستى جۆراوجۆر، کە دیاترینیان ئاوى خواردنەوە و کشتوکاڵە.  

 

ڕەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان پێشتر بە "ناس کورد"ى راگەیاندبوو، ئەمساڵ ساڵێکى زۆر خراپە بۆ داهاتى ئاو، بەنداوەکە کەمترین بڕى ئاوى تێدایە لەمێژووى دروستبونییەوە تا ئێستا واتە لەماوەى 60 ساڵدا.  

  

ڕوونیشیکردەوە، ئەمساڵ ئاستى بەنداوەکە بەراورد بەساڵى رابردوو 18 مەتر ستونى کەمترە، کە ملیارێک و 350 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت. ئێستا بەنداوەکە ملیارێک و 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە، کە بەشێکى بە ئاستى مردوو دادەنرێت و بەهۆى قوڕولیتەوە ناتوانرێت سودى لێببینێت.  

  

بەپێی ئامارەکانى بەنداوى دەربەندیخان کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ساڵى رابردووش ئاستى ئاوى بەنداوەکە حەوت مەتر کەمیکردووە، واتە لەماوەى دوو ساڵدا ئاستى ئاوى بەنداوەکە 25 مەتر کەمیکردووە.  

  

بەنداوى دەربەندیخان لە زستانى 1961 دروستکراوە، لەسەرەتادا تواناى گلدانەوەى سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەبووە، دواتر بەهۆى تەمەنى بەنداوەکەوە ئاستى گلدانەوەى بۆ دوو ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە.  

  

رەحمان خانى باسى لەوەکرد، ساڵى رابردوو هەرچەندە ئاستى ئاو رووى لەکەمبوونەوە کردووە، بەڵام ناچاربوون بەشێک لەئاوەکە بەربدەنەوە.  

  

ئەو ئاوەى دەڕژێتە ناو بەنداو دەربەندیخانەوە سەرچاوەى 68%ى ناوچە شاخاوییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانە، 18% ى سەرچاوەکەشى لە ئێرانەوە دێت، ئەوەى دیکەشى کە دەمێنێتەوە لە (زەڵم و ڕیشێن و سەراو و چەمەکانی تری شارەزور)ەوە دێن.  

  

رەحمان خانى دەڵێت، دروستکردنى بەنداوێکى زۆر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانى دەربەندیخان و گلدانەوەى ئاوى زیاتر بۆ ئەمساڵ کاریگەرى زۆر گەورەترى هەیە بەتایبەتى لەسەر کەمکردنەوەى ئاوى دەربەندیخان.