گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پێشنیازێکى نوێ لەلیژنەى داراییەوە بۆ هەژمارکردنى پابەندییە داراییەکانى هەرێم و بەغدا

2021.04.13 - 11:20
App store icon Play store icon Play store icon
پێشنیازێکى نوێ لەلیژنەى داراییەوە بۆ هەژمارکردنى پابەندییە داراییەکانى هەرێم و بەغدا

ناس کورد-

 

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشنیازێک بۆ هەژمارکردنى پابەندییە داراییەکانى هەرێم و بەغدا دەخاتەڕوو لە چوارچێوەى یاساى بودجەدا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی یاساى بودجە، پشکى هەرێم بە نزیکەى 12 ترلیۆن دینار دیاریکراوە، لەبەرانبەر رادەستکردنى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، بەڵام هیچ میکانیزمێک بۆ دیاریکردنى ئەو پابەندییانە دیارینەکراوە.

 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند "پێموایە پەنابردن بۆ مەقاسە بۆ هەژمارکردنى پابەندبوونەکانى هەرێم و بەغدا و شایستە داراییەکان باش نییە، چونکە وا دەکەوێتەوە کە بەغدا پارە رەوانە دەکات و هەرێمیش هیچ نانێرێت، لەکاتێکدا وانییە".

 

وتیشى "لەجیاتى ئەوە واباشترە لەلقى بانکى ناوەندى لە هەولێر کە هەژمارێکى تایبەت هەیە بۆ ئەو پارانەى بەغدا رەوانەى دەکات، هەژمارێکى دیکەش بکرێتەوە بۆ ئەو داهاتانەى هەرێم رەوانەى بەغداى دەکات، بۆ ئەوەى لەکۆتایی ساڵ دەربکەوێت کە هەرێم چەندە بەشدار بووە لە زیادکردنى داهاتى عێراق".

 

بەوتەى شیروان میرزا، پەیڕەوکردنى ئەو ڕێگەیە، کۆتایی بەو قسە و باسانە دەهێنێت کە دەڵێن بەغدا پارە رەوانە دەکات و هەرێمیش هیچ نانێرێت.

 

تا ئێستا دیار نییە لە رێنماییەکانى جیبەجێکردنى یاساى بودجەدا کە هەرێم داوایکردووە بەشداربێت لە داڕشتنیدا، چى میکانیزمێک دادەنرێت بۆ دیاریکردنى پابەندییەکان.

 

شیروان میرزا وتى، بڕیارە شاندى هەرێم بچێتەوە بەغدا و پێدەچێت ئەو پرسە بەهەماهەنگى یەکلایی بکرێتەوە.

 

بەهۆى دیارینەکردنى هیچ میکانیزمێکەوە، تا ئێستا بەتەواوى نازانرێت بەغدا چەندێک پارە رەوانەى هەرێم دەکات، بەو هۆیەشەوە بەرپرسانى هەرێم جەختدەکەنەوە کە بەرچاویان روون نییە و نازانن داهاتى مانگانەیان چى گۆڕانکارییەکى بەسەردا دێت.

 

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دوێنی ڕایگەیاند، میکانیزمى هەژمارکردنى پشکى هەرێم لە یاساى بودجەى عێراق پێویستى بە ڕێککەوتنى نوێ هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا.  

 

زیاد جەبار (12ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا دیار نییە مانگانە حکومەتی فیدراڵ چەندە داهات ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات ئەوەش بەهۆی ئەوەی وردەکاری ماوە لەبارەی ڕێککەوتنەکە.

  

ڕوونیشیکردەوە، "پێویستە دوای دەرکردنی ڕێنمایی لە وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە یاسای بودجە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم کۆببنەوە بەتایبەت بۆ پرسی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەی کە ئایا بە چ میکانزمێکە، داهاتەکەی لێ دەردەکەن یاخود چۆن دەبێت، ئەمانەش تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوەو ڕەنگە بۆ ئەوەش پێویست بکاتەوە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە".  

 

زیاد جەبار باسى لەوەشکرد، رۆژى دووشەممە وەزارەتی دارایی هەرێم نوسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و داوایکردووە میکانزمى ناردنى پارەکە دیاری بکرێت چۆن دەبێت، لێدەرکردنە یاخود ناردنی داهاتەکەیەو ئەوەش پێویستی بە ڕێککەوتنە.  

 

سەبارەت بەوەی داواکراوە حکومەتی فیدراڵی لەسەرەتای ئەمساڵەوە پابەندی یاسای بودجەی 2021 بێت و داهاتی ئەو مانگانە ڕەوانە بکات، ئایا حکومەتی هەرێمیش پابەندی ناردنی داهاتی ئەو سێ مانگە دەبێت، سەرۆکی لیژنەی دارایی وتی، "بێگومان دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە پابەندبێت".