گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێبڕینی موچە

پێشبینییەکى ڕەشبینانە و جیاوازی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ لێبڕینى موچە

2021.04.12 - 22:09
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینییەکى ڕەشبینانە و جیاوازی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ لێبڕینى موچە

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى کوردستان پێشبینی دەکات دواى گەیشتنى پارەکەى بەغداش لێبڕینى موچە بەردەوام بێت، بەڵام گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرکۆ گەڵاڵى کە بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى پەرلەمان و شاندى حکومەت بوو بۆ تاوتوێکردنى پرسی موچە، (12ی نیسانی 2021) بە تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى ڕاگەیاند، ئەوەى لەکۆبوونەوەکە تێگەیشتن ئەوەیە کە حکومەت بەردەوامى دەدات بە لێبڕینى موچە، بەڵام ئەگەر هەیە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت کاتێک بەشە بودجەى هەرێم دەنێردرێت.

 

وتیشى، هێشتا حکومەت بەرچاوی ڕوون نییە کە چۆن مامەڵە بکات، بەڵام بەڵێنیانداوە مانگانە موچە بە لێبڕینەوە دابەش بکەن.

 

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، وەزارەتى دارایی هەرێم ئەمڕۆ نوسراوێکى ئاڕاستەى بەغدا کردووە کە داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ و نیوەى داهاتە نانەوتییەکان بخاتە سەر هەژمارێک و رادەستى بەغدا بکرێت.

 

ئەمڕۆ دووشەممە (12ی نیسانی 2021) شاندى دانوستانکارى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی رێککەوتنى هەرێم و بەغدا و بەشە بودجەى هەرێمیان کرد.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى نوسینگەى قوباد تاڵەبانى، لە کۆبوونەوەکەدا جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەدا وە‌ك حکومەتى هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆیان دەربڕیوە بەجێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ولایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانیشیان راسپاردووە‌ بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌.

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، میکانیزمى هەژمارکردنى پشکى هەرێم لە یاساى بودجەى عێراق پێویستى بە ڕێککەوتنى نوێ هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا.

 

زیاد جەبار (12ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا دیار نییە مانگانە حکومەتی فیدراڵ چەندە داهات ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات ئەوەش بەهۆی ئەوەی وردەکاری ماوە لەبارەی ڕێککەوتنەکە.

 

ڕوونیشیکردەوە، "پێویستە دوای دەرکردنی ڕێنمایی لە وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە یاسای بودجە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم کۆببنەوە بەتایبەت بۆ پرسی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەی کە ئایا بە چ میکانزمێکە، داهاتەکەی لێ دەردەکەن یاخود چۆن دەبێت، ئەمانەش تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوەو ڕەنگە بۆ ئەوەش پێویست بکاتەوە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە".

 

زیاد جەبار باسى لەوەشکرد، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم نوسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و داوایکردووە میکانزمى ناردنى پارەکە دیاری بکرێت چۆن دەبێت، لێدەرکردنە یاخود ناردنی داهاتەکەیەو ئەوەش پێویستی بە ڕێککەوتنە.

 

سەبارەت بەوەی داواکراوە حکومەتی فیدراڵی لەسەرەتای ئەمساڵەوە پابەندی یاسای بودجەی 2021 بێت و داهاتی ئەو مانگانە ڕەوانە بکات، ئایا حکومەتی هەرێمیش پابەندی ناردنی داهاتی ئەو سێ مانگە دەبێت، سەرۆکی لیژنەی دارایی وتی، "بێگومان دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە پابەندبێت".