گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لێبڕینى موچە’’ پەرلەمان و حکومەت کۆدەکاتەوە

2021.04.11 - 22:46
App store icon Play store icon Play store icon
’’لێبڕینى موچە’’ پەرلەمان و حکومەت کۆدەکاتەوە

ناس کورد-

 

بڕیارە سبەینێ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ شاندى دانوستانکارى هەرێم کۆبنەوە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک کە یەکێکیان لێبڕینى موچەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی تەلەفزیۆنى فەرمى یەکێتى، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی کە هاوکات سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانە رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١١ ى پێش نیوەرۆ بەڕێوەدەچێت و چوار تەوەر تاوتوێدەکرێت.

 

رونیشیکردووەتەوە، تەوەرەکان بریتین لە، وردەكاری رێكەوتنی نێوان هەرێم و عیراق لەبارەی بودجە، لێبڕین و دابەشكردنی مووچە، پشكی هەرێم لە بودجە و كاتی رەوانەكردنی بودجەی هەرێم بۆ پەرلەمان.

 

لەدواى پەسەندکردنى بودجەى عێراقەوە، چارەنوسى لێبڕینى موچە بەگەرمى باسى لێوەدەکرێت، بەتایبەت کە پێشتر لابردنى لێبڕین بەسترابووەوە بە پەسەندکردنى یاساکەوە.

 

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ ڕایگەیاند، موچە لەکاتی خۆیدا دابەش دەکرێت، بەڵام دیارنییە لێبڕین بەردەوام دەبێت یاخود نا و بۆ ئەم مانگە بەدیارناکەوێت.  

  

جوتیار عادل، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند "سەرکەوتوو بووین لەوەی مەلەفی نەوتمان رادەستی بەغدا نەکرد".  

  

لەبارەی بڕی لێبڕینی موچەشەوە، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، "مەسەلەی تەمویلکردن یان لێبڕینی موچە بۆ موچەی داهاتوو بەدیار ناکەوێت تاوەکو ئەم لیژنانە دانەنیشن و بە تەواوتی نەزانن وردەکارییەکان چۆنن."  

  

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " پێویستە ئەوەش ڕوونبێتەوە کە ئەو بڕە پارەیەی کە شایستەی حکومەتی هەرێم و خەڵکی هەرێمە چۆن دەدرێت، هەمووی بەسەر یەکەوە دەدرێت، ئایا چەند دەدرێت؟ ئەو پرسەش پرسێکی کاتییە، پێموایە لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو رێژەیە دەستنیشان بکرێت".  

 

بەپێی یاساى بودجەى عێراق، پشکى هەرێم نزیکەى 12 ترلیۆن دینارە، لە بەرانبەر پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بە نرخى سۆمۆ، لەگەڵ نیوەى داهاتە فیدراڵییەکانى باج و گومرگ و خاڵە سنورییەکان.  

  

حکومەتى هەرێم کە لە شوباتى ئەمساڵەوە بەلێبڕینى 21% موچە دابەش دەکات، بۆ دابەشکردنى موچەى بێ لێبڕین پێویستى بە نزیکەى 900 ملیار دینارە، بەڵام بەتەواوى دیار نییە دواى پابەندبوونەکانى بە بودجەى عێراق چەندى پارە بۆ دەمێنێتەوە.  

 

هەفتەى رابردوو لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان دوو ئەگەرى بۆ لێبڕینى موچەى فەرمانبەران تاوتوێکرد و پێشبینى بەردەوامى لێبڕینى کرد بەڵام بەڕێژەیەکى کەمتر.  

 

ئەرشەد حسێن، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان رۆژى چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، ئەوان پێیانوایە دوو ئەگەر هەیە بۆ پرسی لێبڕینى موچە، کە یەکێکیان پەیوەندیدارە بە ناردنى تەواوى پشکى هەرێم بەپێی بودجەى عێراق، یاخود جێبەجێنەکردنى یاساکە و نەناردنى هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم.  

  

ئەرشەد حسێن پێشبینی کرد لە هەردوو ئەگەرەکەدا لێبڕینى موچە بمێنێت بەڵام ڕێژەکەى کەمبکرێتەوە، هەرچەندە جەختیکردەوە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدا لێبڕین نەمێنێت.