ناس کورد-
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سێیەم ڕوونکردنەوەی لەم هەفتەیەدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەنزینخانەیان نەداوە بە هیچ کەس.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیابد، "لە چەند پەیج و ماڵپەڕێكی ئینتەرنێتدا، هەواڵێکی نادروست سەبارەت بە پێدانی بەنزینخانە، لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بڵاو کراوەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە، کە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ مۆڵەتێک و تەرخانکردنێکی زەوی لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە نەدراوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو،"مۆڵەتی دانانی بەنزینخانە، لە ساڵی ٢٠١٨وە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و لەوساوە تا ئێستا هیچ مۆڵەتێکی دانانی بەنزینخانە نەدراوە."
ئەوەش هاتووە، "لە کابینەی نۆیەمیش لە تەمووزی ٢٠١٩وە بە بڕواوە دەیڵێین هیچ مۆڵەتێک نەدراوە، چونکە ئێستا لەلایەن لیژنەیەکی یاسایی و ئەندازیاری، کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕێنماییەکانی مۆڵەتی بەنزینخانە دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی، بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەندرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وێنەی ئەو نووسراوەی کە لەو ماڵپەڕانەش بڵاوکراوەتەوە، ئەوە فەرمانی تەرخانکردن نییە، بەڵکوو وەڵامی فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ پرسیاری ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان و نووسراوەکە بە ئاشکرایی بۆ پەرلەمان نێردراوە و هیچ نهێنییەکی تێدا نییە.'
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتریش وەزارەتی شارەوانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دابەشکردنی ژمارەیەک زەوی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی یاساشکێنییە و هەرکەسێک بیکات لێکەوتەی سیاسیی بەدوادا دێت.
دواتر قوباد تاڵەبانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو زەویانە بەسەر کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسییدا دابەشکراوە و کەس ناتوانێت ڕێگری لە مافەکانیان بکات.
دوای ئەوەش وەزارەتی شارەوانی ڕوونکردنەوەی دووەمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن".