گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

ڕاگەیەندراوى کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و مستەفا کازمى

2021.04.10 - 17:15
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەندراوى کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و مستەفا کازمى

ناس کورد-

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەشارى بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبوەوە و هەردولا گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێک کرد، وەک هەوڵەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و هاریکارى لەنێوان هەردوولا لە شنگال، هەروەها کازمی هیوای خواستووە، پڕۆژەیاسای بودجە و ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا وەک خۆی و بە وردی جێبەجێبکرێت. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق (10ى نیسانى 2021) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کردووە و لە کۆبونەوەیەکدا چەند مەلەفێکى گرنگ باس کراون.

 

ئەوەش هاتووە، لەوانەش هەماهەنگى لەنێوان دامەزراوەکانى دەوڵەتى فیدراڵ و حکومەتى هەریمى کوردستان بەپێى دەستور، ئەوەش سەرەڕاى گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەى تیرۆر و تاوانى ڕێکخراو و کەیسى شنگال لەنێوان بەغدا و هەرێم.

 

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخى تەندروستى تایبەت بە کۆرۆنا و زیادبونى توشبووان و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دابینکردنى خزمەتگوزارى تەندروستى بۆ توشبووان و دابینکردنى ڤاکسین کراوە.

 

ئەوەش هاتووە، کازمى ستایشى ئەو پێشکەوتنەى کردووە لەبوارى دامەزراندنى ئالیەتە دەستورییە ناوخۆییەکان بەدەست هاتووە، کە بوونەتە هۆى ڕێکەوتن لەسەر دادگاى فیدراڵى و پەرلەمانیش توانى پرۆژە یاساى بودجە تێپەڕێنێت، هیواشى خواستووە کە پرۆژە یاساکە بە وردى جێبەجێ بکرێت و بە جۆرێک خوێندنەوەى بۆ نەکرێت کە دژ بێت لەگەڵ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بۆ هاووڵاتیانى عێراق، ئەوەش بەپێى مەبدەئى دادپەروەرى لە دابەشکردنى سەروەت و ساماندا.

 

مستەفا کازمى هەر لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەى بەوەداوە، پێویستە تەواوکاریى ئەمنى لەنێوان بەغدا و هەولێردا بەهێز بکرێت بۆ بەدەستهێنانى سەقامگیرى ناوخۆیى و ڕێگەگرتن لە دروستبونى هەر کەلێنێک کە تیرۆر و تاوانى ڕێکخراو بیقۆزنەوە، لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەکانى تریش.

 

سەرۆک وەزیرانى عێراق جەختیلەوەشکردووەتەوە، سەردانە بەردەوامەکانى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا نامەیەکى دروست ئاڕاستەى سەرجەم عێڕاقیەکان دەکات و هاوکار دەبێت لە بنیادنانى متمانە و ئاماژەیە بۆ نیازپاکى و هاندانى ڕۆحى هاوکارى و هاوبەشیى و هەماهەنگى لە سەرجەم بوارەکان لە بەرژەوەندى وڵات.

 

بەپێى هەمان بەیاننامە، لاى خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى کردووە و ستایشى هەوڵەکانى کازمى کردووە لە ڕووى سیاسى و ئابوریى و دبلۆماسییەوە، وتوشیەتى کە هەوڵە دبلۆماسیە عێراقیەکان لەماوەى ڕابردوودا و سەردانەکان و کۆبونەوەکان پێگەى عێراقى بە گشتى بەرز کردووەتەوە و گەڕاندویەتیەوە بۆ ڕۆڵى سروشتى هەرێمیى و نێودەوڵەیى خۆى.

 

هەروەها سەرۆکى هەرێمى کوردستان ستایشى ڕێچکەى دانایى بۆ چارەسەرکردنى کەیسە ناوخۆییەکان و بەرزکردنەوەى ئاستى هەماهەنگى ئەمنى و پێویستى گەشەپێدان کردووە، پشتگیرى خۆشى بۆ حکومەتى عێڕاق دەربڕیوە بۆ بەهێزکردنى پێگەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەشێوەیەک کە بتوانێت ئاڵنگاریەکان چارەسەر بکات.

 

نێچیرڤان بارزانى، ستایشى ڕۆڵى ئەنجومەنى نوێنەرانیشى کردووە بۆ تێپەڕاندنى پرۆژە یاساى بودجە و جەختیلەوەشکردووەتەوە، کە پێویستە چارەسەرکردنى کەیسە هەڵواستراوەکانى نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگە خۆش بکات بۆ سەقامگیرى و پێشکەوتنى زیاترى عێراق.