گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ: پارتی و یەکێتی لە نێوان خۆیان ڕێککەوتوون

2021.04.10 - 09:43
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ: پارتی و یەکێتی لە نێوان خۆیان ڕێککەوتوون

ناس کورد-

لەبارەى شەڕی دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا، پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پارتی و یەکێتی بۆ "چەواشەکردنی خەڵک" وا نیشان دەدەن کە نێوانیان خراپە "بەڵام لە ئەسڵدا هیچ عەیبێکیان نییە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕوپاک ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا کە "ناس کورد" خوێندوویەتییەوە (10ی نیسانی 2021) ڕایگەیاندووە، "هەردوو پارتی سیاسی (یەکێتی و پارتی) کاتێک بیانەوی خەڵک چەواشە بکەن هەرجارە و بە جۆرێك سیناریۆیەک دروست دەکەن و خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن، پەسەندکردنی یاسای بودجە لەپەرلەمانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد هیچ دەستکەوتێکی بۆ موچەخۆرانی هەرێم نەبوو، پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئەو شکستەی خۆیان پەردەپۆش بکەن، هەڵساون بە چەواشەکردنی خەڵک کە گوایە نێوانی پارتی و یەکێتی خراپە."


باسی لەوەشکردووە، "وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان وەزیرێکی پارتی کە وەزیری شارەوانیە و جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی هەبووە، بەجۆرێک خەڵک چەواشە دەکەن کە قوباد تاڵەبانی زەوی دابەش دەکات لەوەڵامدا وەزیری شارەوانی دەڵێت ئەمە یاسا شکێنیە، ئەم وەڵام و وەڵامکاریە وای کردووە کە ڕۆژێکی سۆشیال میدیا بەرێ بکەن بە سەرقاڵکردنی خەڵک."


ئەوەشی وتووە، "لەئەسڵدا پارتی و یەکێتی هیچ عەیبێکیان نییە و لەنێوان خۆیان ڕێککەوتوون کە بەردەوام بن لە دزی و بەهەدەردانی پارەی ئەم میللەتە و دابەشکردنی لەنێوان خۆیان و لەسەر قوتی خەڵک بژین".

 

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی (چوارشەممە 7ی نیسانی 2021) وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، به‌پێی فه‌رمانی ژماره‌ 869 كه‌ ڕۆژی 12-2-2018 بە واژۆی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌ بڕیاردراوه‌ به‌ ته‌رخانكردنی پارچه‌ی زه‌وی نیشته‌جێبوون له‌سنووری پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كه‌خۆی له‌ پێنج هەزار و 69 ده‌بینێته‌وه‌ و بڕیاریشه‌ 958 پارچه‌ی له‌ كه‌لار دابه‌شبكرێت.

دوای بڕیاردان بە دابەشکردنی زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی یاساشکێنییە و هەرکەسێک بیکات لێکەوتەی سیاسیی بەدوادا دێت.



دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا دڵنیاییەکی بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە لەبارەی وەرگرتنی زەوی و وتی، "لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە".



دواتر لە ڕونکردنەوەی دووەمدا وەزارەتى شارەوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان (9ى نیسانى 2021) لەبارەى دابەشکردنى زەوى بەسەر کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانى سیاسى گەرمیان بەفەرمانى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونیدەکەنەوە کە " دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن".