ناس کورد-
لە کەرکوک عەشیرەتی حەدیدییەکان کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد و داوا لە ئەندامانی عەشیرەتەکەیان دەکەن هەموویان دەنگ بەو کاندیدە بدەن و لە ئەمڕۆشەوە کارەکانیان دەستپێدەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکی عەشیرەتی حەدیدییەکان لە کەرکوک هاتووە، "لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی شێخ و ڕۆشنبیران و گەنجانی عەشیرەتی حەدیدییەکان لە کەرکوک، دۆسیەی کاندیدکردنی ئیسماعیل حەدیدی یەکلایی کرایەوە بۆئەوەى بکرێتە کاندیدی عەشیرەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
دەشڵێت، "هەمووان دڵخۆشبوون بەو هەنگاوە و جەخت کرایەوە کە هەموو ڕۆڵەکانی عەشیرەت بە یەکدەنگی و پێکەوە بەشداری دەکەن و پشتگیری کاندیدی عەشیرەتەکەیان دەکەن."
باسی لەوەشکردوە، "ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەى یەکڕیزی و خۆشەویستی و یەکگرتوویی لەناو ڕۆڵەکانی عەشیرەت."
ڕاگەیەنراوەکەى عەشیرەتی حەدیدییەکانی کەرکوک ڕاشیگەیاندووە، هەنگاوی یەکەمی کارەکە ئەوەیە لە ئەمڕۆوە دەنگدەرانی عەشیرەتەکە تۆماری دەنگدەرانی خۆیان نوێ بکەنەوە بۆئەوەى بتوانن دەنگ بدەن.