ناس کورد-
وەزارەتى شارەوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە کەس ڕێگری لە مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی نەکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتى شارەوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان (9ى نیسانى 2021) لە دووەمین راگەیەندراوی خۆیدا لەبارەى دابەشکردنى زەوى بەسەر کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانى سیاسى گەرمیان بەفەرمانى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونیدەکەنەوە کە " دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن".
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزارەوە
کەس ڕێگری لە مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی نەکردووە وەک ئەوەی بە پێی یاسا و ڕێکارەکان مافەکانیان پێناسە کراوە. بەڵام دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن. لەبەر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری سکاڵامان لە لایەن کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی پێگەیشتووە کە ناویان لەو لیستانەدا نییە کە هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت مافی ئەمانە فەرامۆش بکات.
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی سەر بە هەر لایەنێک بن، هەمان مافیان هەیە و پێویستە بە بێ فەرق و جیاوازی، هەموو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێن و خزمەت بکرێن ، بەجۆرێک دوای وردبینی کردن و دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە و گرتنە بەری ڕێکارە یاساییەکان، زەویان پێ ببەخشرێت نەوەک ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا بەبێ ئاگاداری و هەبوونی فەرمانی فەرمی وەزارەتی شارەوانی، لە هەندێک شوێن بەڕێوە دەچێت.
ئێمە خۆمان بە خەمخۆری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەزانین و داواش دەکەین سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان، بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەکاربێنین، بە تایبەتی لە سنووری گەرمیان. .
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار