ناس کورد-
دواى ئەوەى وێنەى چەند پەیکەرێکى زێڕین بڵاودەکرێتەوە گوایە پادشاکانى فارسن لەپێش سێ هەزار ساڵ و بەشێکى تریش دەڵێن پەیکەرى نەمردو ژنەکانیەتى لەکەرکوک، ڕۆژنامەیەکى بەریتانیى ڕاستى و دروستى هەواڵەکە ئاشکرا دەکات، کە وێنەى پەیکەرەکان قەشەى مەسیحین نەک پاشاى فارس و نەمرود.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەبەرفراوانى وێنەى سێ پەیکەرى ئێسکى کەلەسەر بڵاوکراوەتەوە کە بەزێڕ و گەوهەر ڕوپۆشکراوە و باس لەوە کراوە ئەوانە لەگۆڕستانى پاشاکانى فارس لەشارى حەسەن ئابادى ئێران دۆزراونەتەوە و مێژووەکەیان بۆ سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کاتێک حکومەت خاکى ئەو ناوچەیەى هەڵکۆڵیوە کەوتونەتە دەرەوە.
بەگوێرەى هەواڵى چەند میدیایەکیش، دواى گەڕان و بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو دەنگۆیانە دوورن لەڕاستیەوە بەڵکو وێنەى ئەو پەیکەرە تەڵا دارانە بۆ دوو قەشەى مەسیحى ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە کە ساڵى 1578 لەگۆڕستانێکى ڕۆما دۆزراونەتەوە و ئەو وێنانەش لەلایەن دکتۆر پوڵ کۆدۆناریسى پسپۆڕى مێژووى هونەرەوە لەکتێبەکەیدا بەناوى تەنە ئاسمانییەکاندا ساڵى 2013 بڵاوکراونەتەوە.
هەر بەپێى ئەو دەنگۆیانەى کە لەسەر وێنەکان بڵاوکراونەتەوە، بانگەشەى ئەوە کراوە، ئەو وێنانە ساڵەکانى 2017 و 2018 و 2019 لەشارى کەرکوک دۆزراونەتەوە و وێنەى نەمرود و ژنەکانیەتى.
بەڵام بەپێى ئەو بەدواداچوونەى کە کراوە بۆ ڕاستى وێنەکان، ئەو وێنانە نەپەیوەندیان بەپادشاکانى فارسەوە هەیە لەحەسەن ئاباد و نە پەیوەندیان بەگۆڕى نەمرود و ژنەکانیەوە هەیە لەکەرکوک بەڵکو وێنەکان لەکتێبەکەى کۆدۆناریسدا ساڵى 2013 بڵاوکراونەتەوە.
لەسەر ئەو ڕوداوەش ڕۆژنامەى گاردیان بڵاوى کردووەتەوە، ئەو وێنانەى کە کۆدۆناریس لەکتێبەکەیدا بڵاوى کردونەتەوە، وێنەى چەند قەشەیەکن لەباشورى ئەڵمانیا و نەمسا و سویسرا و سەدەکانى پانزە لەگۆڕستانێکى ڕۆمادا دۆزراونەتەوە کە ئەو گۆڕستانەش بریتى بووە لەڕوفاتى هەزاران شەهیدانى مەسیحى.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، وێنەى یەکەم قەشە لۆسیانایە لەخۆرئاواى ئەڵمانیا وێنەى دووەمیش قەشە ڤالنتیۆسە لە ڤاڵداساسنى ئەڵمانیا و وێنەى سێیەمیش قەشە ڤالنتینە لەشۆسنریدى ئەڵمانیا.